Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە یادی ڕیفراندۆم دا

هوشیار سیوه‌یلى

گەر بەراوردێکی مێژوویی بکەین لە نێوان سێ هەوڵی ڕاپرسی جیاواز لە ماوەی نزیکەی ٥٠٠ ساڵی ڕابوردودا، ئەوا هەوڵی سێیەم پاکترین و سەرکەوتووترینیان بوە.

هەوڵەکانی مەلا ئیدریس لە ناوەڕاستی سەدەی شازدەیەم دا بە هەوڵێکی سەرەتایی ڕاپرسی دەربارەی ئایندەی نەتەوەی کورد و شێوازی خۆبەڕێوەبردنیان دابنێین و ئەوەی لە ساڵی ١٩٢١ دا بەریتانیا بۆ مەرام و بەرژەوەندی خۆی لە باشووری کوردستان ئەنجامیدا بە هەوڵی دوەمی ڕاپرسی دابنێین، ئەوا هەوڵی سێیەم کە لە ٢٥ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دا ئەنجامدرا، لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مەعنەوییەوە گرنگی و بایەخی زۆر گەورەی هەیە چونکە لە مێژووی کۆن و نوێی ئێمەدا بۆ یەکەمجار دەرفەتێک بۆ گەلی کوردستان لە پارچەیەکی داگیرکراویدا ڕێکەوت تا بە ئازادی ڕای خۆیان دەربارەی داهاتووی خۆیان دەربڕن. لە ساڵی ١٩٢١ی سەدەی ڕابردوودا حکومەتی بەریتانیا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی موسڵ ڕاپرسییەکی سەقەتیان ئەنجامدا کە زیاتر لە (پرسە گورگانە) دەچوو لەوەی وەرگرتنی ڕای خەڵکی کوردستان بێت. لە گەڵ هەموو کەموکوڕی و گوشار و هەڕەشەیەکێشدا خەڵکی کەرکوک و سلێمانی حوکمی عەرەبیان ڕەتکردەوە. کریس کۆچێرا لە کتێبی (کورد لەسەدەی نۆزدەیەم و بیستەم دا) ئەڵێت (چوار کەس لە پیاوماقوڵانی کورد لە کۆبوونەوەیەک دا دەگەڵ یەکێک لە پایەدارانی ئینگلیزدا دەیسەلمێنن کە گەمارۆی گومرگی کە "ئینگلیزەکان هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکەن کە ئەگەر ڕای دژ بدەن ئەوا گەمارۆی گومرگ دەخەنە سەر سلێمانی"، بۆ سلێمانی ئاکامی خراپ و ناخۆشی دەبێت، بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە ئەم ئاکامە خراپ و ناخۆشەیان پێپەسەندترە "لەوەی لە سایەی ڕژێمێکی سەرکوتکاری عەربدا بژین"). سەرەرای ئەم ئەنجامە و ناڕەزاییەکان، باشووری کوردستان لکێنرا بە عێراقەوە و بەشەکانی تریش هەر یەکەیان خرایە سەر وڵاتێک. ئەوە سەد ساڵە تاڵاوی ئەو دابەشبوونە ئەچیژین.

ئەوەی سێ ساڵ لەمەبەر لەم بەشەی کوردستان دا سەرەڕای ئاکامەکەی و لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر، ڕوویدا، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگری بۆ هەموو دنیا سەلماند: گەلی کوردستان لەم پارچەیەدا واقیعی داگیرکاریی ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێت وەک نەتەوان و گەلانی تر خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت. ئەم خواست و داواکارییە مافێکی ڕەوایە و تا ئێستا بە زەبری ئاگر و ئاسن نکۆڵی لێکراوە.

گەر پرۆسە و بزووتنەوەی ڕیفراندۆم، بە پێی ئەو پلان و لێکدانەوانانەی ئەو کاتە دەکرا، ڕێڕەوی ئاسایی خۆی وەربگرتایە و ناپاکی نەکرایە، گەر لە ئایندەیەکی نزیکیش دا نەبووینایەتە خاوەن دەوڵەت، ئەوا زۆر لەو ئامانجە نزیک دەبوینەوە. بێگومان بێ زیانی گیانی و مادی نەدەبوو، بەڵام زۆر کەمتر دەبوو لەوەی لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابوردودا بۆ ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی پێشکەشمان کردوە. بەڵی حەشد دەهات و ڕەنگە ‌هێرشیشی بکردایەتە سەرکەرکوک و ناوچەکانی تر، بەڵام گەر یەکێتی و یەک سەنگەریمان هەبوایە، دوژمن شتێکی ئەوتۆی پێنەدەکرا، هەروەک لە پردێ و سحێلا خۆی تاقیکردەوە. بەرگری و بەرگەگرتنمان لە کەرکوک چارەنووسی نەک ئەم بەشە بەڵکو هەموو کوردستانی دەگۆڕی.

هەندێک کەس ڕەخنە لە کار و چالاکی دیپلۆماسی کورد دەگرن و بە هۆکاری شکسته‌کەی دادەنێن. ئایا وایە؟

ڕەنگە حکومەتی هەرێم و حیزبەکان سەرەڕای هەل و دەرفەتە لەبارەکان نەیانتوانیبێت پەیوەندییەکان و کاری دیپلۆماسی و لۆبیکردن بە دەزگایی بکەن و ڕەنگە بەهێزیی پێگە و ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم زیاتر پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکە و پێشهات و ڕووداوەکانەوە هەبێت، نەک توانا و چالاکییەکانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرگیز ئەوە هۆکاری شکستی پرۆژەی سەربەخۆیی نەبوو. هێندەی ڕووداو و داینەمیکی نێوخۆیی، بە تایبەتی هێز و پێگەی سیاسی و ئابووری و سەربازی، دەست بە باڵی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگرن، کار و چالاکی لە بواری پەیوەندییەکانی دەرەوەدا کەمتر دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە هێورکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان دا ببینن. هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕەنگە بەشێکی زۆری ئاسیا و ئەفەریقا هاوکاریمان دەکەن هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە دابمەزرێنین. بوونی سوپایەکی یەکگرتووی دوور لە حیزب گرنگترین دەزگای دەوڵەتە. ئایا دەبێت ئۆباڵی یەکنەخستن و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە بخرێتە ئەستۆی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کارو چالاکی دیپلۆماسی کە (توانیویانە ئەو هەموو دەوڵەتانە بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کۆبکەنەوە!) یان دەبێت یەخەی خۆمان و کێشەو ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان بگرین بۆ (تا ئێستا) سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە.

زۆر کەس لۆمەی سەرکردایەتی سیاسی کوردییان دەکرد کە بۆچی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا گەڕاینەوە بەغدا و سەربەخۆییمان ڕانەگەیاند (بە بێ کەرکوک).

دۆخی ساڵی ٢٠١٧ زۆر لەبارتر بوو بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە بەراورد لەگەڵ دۆخی ساڵی ٢٠٠٣ لە هەموو ڕویەکەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کوردستان دا باڵادەست و خاوەن دەسەڵات بوو، پێگە و پشتگیرییەکی باشی نێودوەڵەتیمان هەبوو، هێزێکی پێشمەرگەی مەشقپێکرا و خاوەن چەک و جبەخانەی باشمان هەبوو. ئەوەی کە نەمان بوو، ئەوەی کە هەرگیز نەمان بوە، یەکێتی و تەبایی و یەکڕیزی نێوخۆمان بوو.