Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چین بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار لە ھەولێر وەبەرھێنان دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دەڵێت، وڵاتی چین بڕیاری داوە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پڕۆژەیەکی گەورە لە ھەولێر بنیات بنێت، کە چەندین سێکتەری جیاجیا لە خۆی دەگرێت، وەکو گەشتیاری و شوێنی وەرزشی و پۆلینگ و نیشتەجێبوون و پارک و چەند سێکتەرێکی دیکە، ئێستاش پڕۆپۆزەڵەکە قبووڵ کراوە و سەرقاڵی دیاریکردنی زەوین بۆ پڕۆژەکە.

سامان عارەب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وڵاتی چین بڕیاری داوە بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پڕۆژە لە ھەولێر ئەنجام بدات، ئێمەش ئەو پڕۆپۆزەڵەی ئەوان پێشکەشیان کردووە، پەسەندمان کردووە و سەرقاڵی دابینکردنی زەوین بۆ پڕۆژەکان لە سنوروی شارەوانیی ھەولێر، کە لەسەر ڕووبەرێکی زۆر گەورە چەندین پڕۆژە لە چەند سێکتەرێکی جیاواز دروست دەکرێن".

عارەب گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی بەو پارەیە بڕیارە دروست بکرێن، پڕۆژەی گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و وەرزشی و شوێنی یاری و بۆڵینگ و پارکی تێدایە، بۆیە پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانییە لە ھەولێر دروست دەکرێت، ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە پڕۆژەکە زۆر گەورەیە و ھەموو سێکتەرەکان لەخۆ دەگرێت."

دەشڵێت: "جگە لە هەمووی ئەوانە، ئەو پڕۆژەیە یەکەی نیشتەجێبوونیش لەخۆ دەگرێت، چونکە پارەیەکی زۆریان بۆ دابین کردووە، کە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیارییە لە شاری ھەولێر بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم