Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: ھێڵی شەمەندەفەر بە سێ قۆناغ دروست دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك كۆمپانیا ئامادەییان نیشان داوە كە ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان دروست بكەن، هەروەها باشترین كۆمپانیای ئیسپانیاش ئامادەیە ئەو كارە بكات.

مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانكرنەوەدان، لەوانە پڕۆژەی دروستكردنی ھێڵی شەمەندەفەر و تونێل و رێگای خێرا، بەڵام پڕۆژەی ھێڵی شەمەندەفەر یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، كە بە سێ قۆناغ دروست دەكرێت و قۆناغی یەكەم لە ماوەیەكی نزیكدا دەست پێدەكات، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەورووپا ئامادەییان نیشان داوە ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدەن.

مەلا حەسەن گوتیشی، ئیسپانیاش لە رێگەی باڵیۆزی خۆیان لە عێراق ئامادەیی كۆمپانیاكانیان دەربڕی كە ئەزموونی خۆیان بۆ دروستكردنی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان بخەنە گەڕ، كە ئەزموونێكی باشیان ھەیە و ئامادەن ھاوكاریی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بكەن تا رادەی دابینكردنی خەرجیی پڕۆژەكەش، چونكە یەكێك لە باشترین كۆمپانیاكان كە لە ئیسپانیایە، لە جیھاندا ھێڵی شەمەندەفەر دروست دەكات.

روونیشی كردەوە، دروستكردنی ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان، سەرتاسەری دەبێت و تەنھا لە یەك پارێزگا نابێت.

 

بڵند ئیبراھیم