Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کرمانج عەبدوڵڵا: ئاگادارمان کردنەوە ئەگەر ئەوان ھێز بەکار بێنن ئێمەش ئەو کارە دەکەین

سەرگەڕان-KDP.ifo- بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ماوەیەکە بەردەوام عەرەبی ھاوردە بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دێنە سەر گوندە کوردییەکان و دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن. دەشڵێ، حکوومەتی هەرێم ھاتووەتە سەر هێڵ و دوێنێ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش کراوە و پێویستە ئەم کشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت.

کرمانج عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "عەرەبی ھاوردە لە ماوەی چەند رۆژێکدا ئەوە چەندین جارە دێنە سەر گوندە کوردییەکان و نووسراوی پارێزگاریان پێیە و بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن و بەسەر خۆیاندا دابەشی بکەن، ئێمەش دوێنێ ئاگادارمان کردنەوە ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لەو کارە و ھێز بەکار بێنن، ئێمەش ئەو کارە دەکەین، بۆیە ھەر زوو کشانەوە، بەڵام پێویستە ئەم کێشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەردەوام بێت، باشترین چارەسەریش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاتووەتە سەر هێڵ و شتێکی ئامادە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و قسەی لەگەڵ مستەفا کازمییش کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم​