Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لێکۆڵەرێکی میسری بۆ KDP.info: هەرێمی کوردستان ئەلقەی گرێدانی نەوت و غازە لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا

دهۆک -KDP.info- لێکۆڵەرێکی میسری دەڵێت، هەرێمی کوردستان شوێنێکی جوگرافیاییی گرنگی هەیە و فۆکسی جیهان لەسەر هەرێمە کوردستانە، بۆیەش وڵاتانی جیهان دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەو و بەهێز بکەن.

محەممەد ڕەبیع دێلەهی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە میسر دەڵێت: "ئێستا شوێنی جیۆسیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بووەتە خاڵێکی بەهێز، لەبەر ئەوەش، وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە تەماشای پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەن."

دێلەهی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هاتنی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان مانای بەهێزبوونی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتیش لەدوای داواکردنی سەربەخۆیی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە وڵاتانی جیهان زیاتر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەگەر سەربەخۆییی کوردستانیش ڕابگەیەندرێت ئەوا هێزی کوردان زیاتر دەبێت."

ئاماژەیشی دا: "هاتنی سەرکردەکانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستان خاڵی بەهێزی کوردستانە، چونکە هەموویان تێگەیشتوون کە هەرێمی کوردستان ئەلقەی گریدانی نەوت و غازە بە ئەورووپاوە."

گوتیشی: "جیھان لەوە گەیشتووە کە ئەوە کوردەکان بوون توانییان ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و بەسەر تیرۆردا سەر بکەون، بۆیە جیھان واز لە پاڵپشتیی کورد ناھێنێت."

کــاروان بــاعەدری