Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی پێشوازی لە باڵیۆزی فلیپین لە عێراق دەکات

ھەولێر-KDP. info-  دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠/٩/٢٠٢٠ هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لەجێنۆڕۆسۆ کاڵۆنج، باڵیۆزی فلیپین لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستە سەر کار و ڕێکارە پەیرەوییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی تەشریعی و چاودێری، هەروەها پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ باڵیۆزی فلیپین خستەڕوو.

لە تەوەڕێکیتردا، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فلیپین کردەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و دۆخی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم ڤایرۆسە لەجیهاندا، تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو.
دواتر باڵیۆزی فلیپین خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە و بوژانەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی ، هاوکات هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فلیپین پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت و ڕایگەیاند؛ لەداهاتوودا هەوڵی کردنەوەی کۆنسوڵخانە یان نوویسنگەیەکی باڵیۆزخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەدەن، بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و ئاگاداربوونیان لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان .