Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گۆڕانكارییە جەوھەرییەكانی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق لە KDPیەوە بزانە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق رایگەیاند، لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق لە كۆتایی كارەكانیدایە و ھیچ گۆڕانكارییەك لەو ماددانە نەكراوە كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستان و مافەكانی ھەرێمەوە ھەیە.

موحسین سەعدوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كاری لیژنەی ئێمە بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور، گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و تەنھا چەند ماددەیەكی كەم ماوە و خەریكە لە ھەمواركردنی تەواو دەبین، ئەو ماددانەش كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ھیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا نەكراوە و وەكو خۆیان ماون، بەڵام ماددەی١٤٠ جەختی لەسەر كراوەتەوە، كە پێویستە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی و بەرپرسیارەتیی ئەو كارەش خراوەتە سەر ئەستۆی پەرلەمان، هەروەها پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا وەكو خۆی ماوە و ئەوەی گۆڕانكاریی تێدا كراوە، زیادكردنی دەسەڵاتی سەرۆككۆمارە، لەگەڵ ماددەی ٧٦ كە باس لە گەورەترین كوتلە دەكات كە سەركەوێت لە ھەڵبژاردنەكان كە بەردەوام كێشەی لەسەر بوو كێ حكوومەت دروست بكات، ئێستا ئەوە یەكلا كراوەتەوە و كێ زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت، بە پێی ھەموارەكە ئەو دەبێتە گەورەترین كوتلە و حكوومەت دروست دەكات".

سەعدوون گوتیشی: "ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٣٢٩ پەرلەمانتار بۆ ٧٥ پەرلەمانتار كەم دەكرێتەوە كە ٢٥٠ھەزار دەنگدەر یەك ئەندامی دەبێت، بۆیە ئەوە گۆڕانكارییە جەوھەرییەكانی ھەمواركردنی دەستووری عێراقن، كە لە كاتی ھەمواركردنەوەی لەلایەن لیژنەی ئێمەوە كراون".

دەشڵێ: "كەمكردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران لەسەر ھەمووان جێبەجێ دەكرێت و لە ھەڵبژاردنەكاندا كێ زۆرترین كورسیی بێنێت، ئەو حكوومەت دروست دەكات و ئەوە لەسەر ئەوە دەمینێتەوە كێ زۆرترین دەنگ بەدەست دێنێت، ئەمەش ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر دەنگی كورد نابێت".

سەعدوون باسی لەوەش كرد: "ھەر كاتێك ئێمە كارەكانمان تەواو بوون، رەوانەی پەرلەمانی دەكەین بۆ دەنگدان و دواتر كە قبووڵ كرا، ئەو كات دەخرێتە راپرسییەوە و خەڵك بڕیاری لەسەر دەدات".

 

بڵند ئیبراھیم