Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی کۆڕبەندی ئابووریی توركیا و عێراق ده‌كات

مێرسین-KDP.info-  وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان كه‌ به‌شداری کۆڕبەندی ئابووریی توركیا- عێراقە، ڕایگەیاند، بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووریی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ له‌ شاری مێرسین شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی کۆڕبەنده‌كه‌ی كرد.

ئایدن مه‌عرووف له‌ شاری مێرسینه‌وه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له‌ شاری مێرسین کۆڕبەندی ئابووریی توركیا-عێراق ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و تا ڕۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

گوتیشی: "ئامانجی کۆڕبەنده‌كه‌ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانی و ئابوورییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌. هه‌روه‌ها‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند شاندێكیش لەسه‌ر ئاستی پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی به‌شدار بوونه‌ كه‌ لەسه‌ر ئاستی پارێزگاری شاره‌كانە و شاندی بازرگانیشی تێدایه‌."

ئاماژه‌یشی به‌وه‌ دا: "ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا هه‌یه‌ جگه‌ له‌ هه‌بوونی بازرگانییه‌كی زۆر له‌ نێوان هه‌ردوولادا، ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ فراوانبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان و په‌ره‌پێدانی بازرگانی له‌ نێوان هه‌ردوولادا ده‌كه‌ین."

 

هێدی كاكه‌یی