هەولێڕ-KDP.info- دوای گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفراز، بڕیارە ئەمشەو ئاو بگاتەوە شاری ھەولێر و بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێت، کارکردن لە گواستنەوەی بۆڕییەکان کۆتاییی ھاتووە.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی بۆڕیی ژمارە سێی ئاوی ئیفراز لە کاتی کارکردن بۆ گواستنەوەی ئاو زیانی بەر کەوت و شکا، تیمەکانی چاککردنەوە ماوەی دوو ڕۆژ خەریکی چاکردنەوە و گواستنەوەی ھەرسێ هێڵی ئاوی ئیفراز بوون و کارەکانیان تەواو بووە."
بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر گوتی: "بۆڕییەکان گواستراونەتەوە و بڕیارە ئەم ئێوارەیە وەک تێست بخرێنە کار و بە شێوەیەکی کاتی تاقی بکرێنەوە، تا بزانین بەتەواوەتی چاک بوونەتەوە و کێشەی تریان تێدا نییە."
دەربارەی گەڕانەوەی ئاو بۆ شاری ھەولێر، ئەندازیار ئاری ئەحمەد، جەختی کردەوە: "ئەگەر کێشەی دیکەمان بۆ دروست نەبێت درەنگانی ئەمشەو لە ڕێگەی ھەرسێ هێڵی ئیفرازەوە ئاو دەگاتە شاری ھەولێر و بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، واتە کێشەی کەمئاوی بەھۆی گواستنەوەی هێڵەکانی ئاوی ئیفرازەوە کۆتایی دێت."
قائید میرۆ