Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: ئەمساڵ گرێبەستی دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر ئەنجامدەدرێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە هێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان درووستبکرێت و، ھەموو شارەکان پێکەوە ببەسترێنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش دەڵێ، ئەمساڵ گرێبەستەکەی ئەنجام دەدرێت.

مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی  راگەیاند: "ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ ئاسانکردنی رێگاکانی ھاتووچۆ بەردەوامن و یەکێک لە پلانەکانی وەزارەت، جێبەجێکردنی ھێڵی شەمەندەفەرە لە ھەرێمی کوردستان کە بڕیارە ئەمساڵ قۆناغی یەکەمی جێبەجێبکرێت، ئەویش ئەنجامدانی گرێبەستە بۆ پڕۆژەی شەمەندەفەر لەھەرێمی کوردستان".

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: "درووستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر، ئێستا کاری لەسەر دەکرێت و ئەمساڵ تەنیا گرێبەستەکەی واژۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بچێتە واری جێ بەجێکردن".

مەریوان مەلا حەسەن زیاتر گوتی: "ھێڵی شەمەندەفەر لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و ھەموو شارەکان پێکەوە دەبەسترێنەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە و کەوتنە کاری ھێڵەکە، بێگومان سوودی ئێجگار زۆری دەبێت بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بەنرخێکی ھەرزان و شێوازێکی سەردەمیانە ھاتووچۆ بکەن، ئەوە جگە لەوەی چەندین سوودی دیکەی ھەیە وەک پاراستنی ژینگە".

 

قائید میرۆ