Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌و تاوانباره‌ى خێزانه‌ كورده‌كه‌ى له‌ به‌غدا كوشت ده‌ستگیر كرا

دواى ئه‌وه‌ى زانیاریمان ده‌ستكه‌وت كه‌ ئه‌و بكوژه‌ى شەوی 14-9-2020، لەنێو باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەنسوور لە بەغدا خێزانێكى کوردى به‌شێوه‌یه‌كى زۆر دڕندانه‌ كوشتووه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ له‌ دایک و باوک و کچێکیان پێكهاتبوو و ناوبراو خۆى له‌ هه‌ولێر حه‌شارداوه‌، دواى به‌شوێنداچوون و چاودێرى توانیمان شوێنى ناوبراو بدۆزینه‌وه‌ و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى هه‌ولێر ده‌ستگیر بكرێت و دواى لێكۆڵینه‌وه‌ ناوبراو دانى به‌ تاوانه‌كه‌ى نا كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌قى دانپێدانانه‌كه‌یه‌تى:

ناوم (مەهدی حوسێن ناسر مەتەر)، لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٤ دانیشتووی بەغدا ناوچەی حەبیبیه‌، دەوامم لە وەزارەتی ناوخۆیە - پاسەوانیی باڵیۆزخانەکان، بە دیاریکراویش باڵیۆزخانەی رووسیا.

پیش ٤ ساڵ کەسێکم ناسی بە ناوی باوکی شیلان، پیش دوو رۆژ لەمەوبەر پێوستم بە بڕێک پارە هەبوو، چونکە قەرزاربووم، چوومە لای لە شوقەی خۆی و بەیەکەوە دانیشتین، داوای ئەو گوژمە پارەیەم لێ کرد، بەڵام ئامادە نەبوو و گوتی: نیمە. دەمەقاڵێمان بوو، چەقۆیەک لە نزیکم بوو، بە چەقۆ لێم دا و کەوتە سەر زەوی، ویستم ئاسەواری تاوانەکە بشارمەوە لەو کاتە هاوسه‌ره‌كه‌شى هاتەوه‌، من شۆک بووم و شڵەژام و ئەویش دەستی بە هاوار و قیژە کرد و ئەویشم دایە بەر چەقۆ و کەوتە سەر زەوی، تەرمەکانیانم لە ژوورەکە بردە حەمام و بۆری ئاوەکەم کردەوە لەو کاتەدا شیلان هاتە ژوورەوە. کاتێ شیلان هات و بارودۆخەکەی بینی شڵەژا، ویستم هێوری بکەمەوە، هێور نەبوویەوە بە تەپڵەکە جگەرەیەک کێشای بە سەرمدا، منیش دوو بۆکسم لێ دا و کەوتە سەر زەوی، سەرینێک لەوێ بوو لەسەر دەمیم دانا و کوشتم. هەوڵمدا ئاسەواری تاوانەکە بشارمەوە، بەڵام نەمدەزانی چی بکەم و بۆ کوێ بڕۆم، شوێنەکەم خاوێن کردەوە و بۆ پارە گەڕام، گوژمە پارەیەکم دۆزییەوە، بەڵام نازانم چەند بوو، نزیکی ١٠ هەزار دۆلارێک یان زیاتر دەبوو، هەندێ پارەی عێراقیشی تێدا بوو. پارە و مۆبایلەکانم برد، چەقۆکەشم لەگەڵ خۆم برد و لەناو کیسه‌یه‌کم دانا و دەرچووم. بۆ کوێ بچم.. بۆ کوێ بچم، چوومە ناوچەی قەنات و چه‌قۆ و مۆبایله‌كانم لەوێ فڕێدا، گوتم با بچم بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتم گرت و هاتمە هەولێر. لە یەکێک لە هۆتێلەکان دابەزیم، ویستم لە هەولێرەوە سەفەر بکەم بۆ دەرەوەی وڵات، رۆژی دواتر ویستم ڤیزایەک بۆ تورکیا یان بۆ شوێنیکی تر پەیدا بکەم، بەڵام دەستم نەکەوت و گەڕامەوە هۆتێل و لەوێ دەستگیر کرام.