Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پلاسخارت باسی مەلەفە هەستیارەکانی عێراقی کردووە"

دهۆک-KDP.info- جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەردانی چەندین کەسایەتیی سیاسیی عێراقی و کوردی کرد، چاودێرێکی سیاسییش دەڵێت، ئامانجی پلاسخارت ئەوەیە کە سەروەریی عێراق پارێزراو بێت و هەیبەتی دەوڵەت لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، بۆیەش پشتیوانیی لایەنەکان پێویست بوو.

لە کاتی هاتنی پلاسخارت بۆ لای سەرکردە سیاسییەکان، چەندین مەلەفی هەستیار و گرنگی باس کردوون کە ئێستا عێراق پێوەیان دەناڵێنێت، لەوانەش هەبوونی میلیشیا و نەبوونی سەروەریی دەوڵەت.

خەلەف شەرەفانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "جیهان دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە عێراق لە دەست میلیشیاکان دەربهێندرێت، فەرزی یاسا لەسەر هەمووان جێبەجێ بکرێت. بۆیەش پلاسخارت مەلەفی گەورەی پێ بوو."

شەرەفانی گوتی: ''ئامانجی تری ئەوە بوو، کە بە هیچ شێوەیەک هەڵبژاردنی پێشوەختە ''دوا نەخرێت'' و دەبێ لە ''کاتی خۆی''دا ئەنجام بدرێت و شەفاف و عادیلانە بێت و ڕەزامەندیی خەڵکی عێراقی لەسەر بێت، ئەمەش پلاسخارت خۆی داوای کردووە. لەو کۆبوونەوانەی کە کردوونی.''

"شەفافیەتی دەروازە سنووریییەکان، کردنەوەی مەلەفی گەندەڵی و موحاسبەی گەندەڵکاران، پرسی گرنگی پلاسخارات بوون لە نەجەف و، بۆ ئەوانەش پێویستی بە پشتیوانی هەبوو." شەرەفانی وا دەڵێت.

 

کاروان بــاعەدری