ھەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، به‌م زووانه كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام ئێستا چاوه‌ڕێی یه‌كێتین و نیازێكیش هه‌یه بۆ کۆبوونەوەی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له باره‌گای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم. ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ی عێراق-یش ده‌دوێت، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، كارێكی باش بوو، به‌ڵام خۆنواندن و خۆهه‌ڵكێشانی تێدا بوو، كورد له عێراقدا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان نییە؛ عه‌بادییه، مسته‌فا كازمییه، یان وه‌ك كاك سه‌عدی پیره گوتی كێشه‌ی ئێمه "حه‌یده‌ر مالكی" نییە، به‌ڵكو كێشه‌ی كورد "مێنتاڵیانه" به‌رامبه‌ر كورد كه هه‌میشه به كه‌م سه‌یری كورد ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به سەفەری سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و دۆستایه‌تیی كورد له نێوان توركیا و فه‌ره‌نسادا، میرانی ده‌ڵێت: "به بۆچوونی من، كورد ده‌بێت هه‌ردوو وڵات هه‌ڵبژێرێت، کۆبوونەوەی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا زۆر باش بوو، كاك نێچیرڤان شتی نوێی به سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوت كه خه‌ڵكی تر پێی نه‌گوتووه، یان خۆیشی (واته ماكرۆن) نه‌یزانیوه." هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "په‌كه‌كه ئه‌وه‌نده زیانی بۆ كوردستانی عێراق بووە، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ توركیا نەیبووە."
"ده‌بێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكه‌ین ... چاوه‌ڕوانی براده‌رانی یه‌كێتیش ده‌كه‌ین "
ئێمه ده‌سته‌یه‌كمان هه‌یه، له‌لای ئێمه‌وه "به‌ڕێزان كاك هۆشیار زێباری و كاك مەحموود محەمەد و كاك عەلی حسێن سوورچی، له‌لای براده‌رانی یه‌كێتییه‌وه "جه‌نابی كاك باڤڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی، ڕزگار عەلی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان لیژنه‌یه‌كی هه‌میشه‌ییه، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كان و گرفته‌كانی ئێمه و یه‌كێتی له نێوان ئه‌م دوو لیژنه‌یه‌دایه، کۆبوونەوەیه‌كیان كرد له دووكان، کۆبوونەوەیه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو، كۆمه‌ڵێك بڕیاریان دا، بڕیاره‌كان په‌یوه‌ندییان به چۆنیەتیی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ئیشی ستراتیجی و نه‌ته‌وه‌ییەوەیە و ده‌بێت به ته‌وافق بكرێت، له سۆشیال میدیا ئه‌و توندوتیژیه‌ی كه هه‌بوو به‌شێكی "مه‌درووس" و به‌شێكی "نامه‌درووس"، ئه‌ویش من ناڵێم بنبڕ بووه، توندییه‌كه‌ی نه‌ماوه، تیژییه‌كه خه‌ریكه بڕێك كۆ ده‌بێته‌وه، چاوه‌ڕوانی براده‌رانی یه‌كێتی ده‌كه‌ین "ئینشائەڵڵا" به‌م نزیكانه ئه‌و لیژنه‌ی به‌رده‌وامی كاری خۆی ده‌كات، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانتر ده‌كه‌ین له‌و لیژنه‌یه به به‌شداریكردنی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی هه‌ردوو حیزب، ئینجا چ له‌پێش كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كان بێت له باره‌گای سه‌رۆكی هه‌رێم، یان كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌كان له‌دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی كه ئه‌ویش هه‌ر له باره‌گای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌كرێت."
سه‌باره‌ت به كاتی کۆبوونەوەكه‌ی پارتی و یه‌كێتی و کۆبوونەوەی فراوانی لایه‌نه‌كان؟ میرانی ده‌ڵێت: "پێم خۆشه ئه‌و پرسیاره له كاك هۆشیار بكه‌یت چونكه ئه‌و فایله له ده‌ستی ئه‌ودایه، من جارێكی تر گوتم دوای جه‌ژن كۆبوونه‌وه ده‌بێت، نه‌بوو من نازانم كات دابنێم، به‌ڵام ئه‌و كاك هۆشیار لیژنه‌ی تایبه‌ته."
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه کۆبوونەوەی فراوانی لایه‌نه‌كان ده‌كرێت له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، له‌و ڕوه‌وه ده‌ڵێت: "به‌ڵێ ئه‌و نیازه هه‌میشه هه‌یه و ده‌بێت ئه‌مه بكرێت، چونكه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هی هه‌مووانه نه باره‌گای پارتییه و نه باره‌گای یه‌كێتییه."
"كێشه‌ی پارتی و یه‌كێتی زۆرن، كێشه‌ی كۆنن، هی ده‌ساڵ و بیست ساڵیش نییه.. نه ئه‌وه‌ی له دڵی پارتیدایه كه به‌سه‌ر یه‌كێتی بێت جێبه‌جێ ده‌بێت، نه ئه‌وه‌ی كه له مێشكی یه‌كێتیدا كه به‌سه‌ر پارتی بێت جێبه‌جێ ده‌بێت "
میرانی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی چییه؟ ده‌ڵێت: "كێشه‌ی پارتی و یه‌كێتی زۆرن، كێشه‌ی كۆنن هی ده‌ساڵ و بیست ساڵیش نییه، نه ئه‌وه‌ی له دڵی پارتیدایه كه به‌سه‌ر یه‌كێتی بێت جێبه‌جێ ده‌بێت، نه ئه‌وه‌ی كه له مێشكی یه‌كێتیدایه كه به‌سه‌ر پارتی بێت جێبه‌جێ ده‌بێت ئه‌م دوو شته ده‌بێت هه‌ردووكیان له مێشكی خۆیان ده‌ربهێنن، قه‌ده‌ر وایه ده‌بێت پێكه‌وه یه‌كتری قبووڵ بكه‌ن و پێكه‌وه بژین."
"له‌وانه‌یه هه‌ریه‌ك له‌وانه بیه‌وێت ئه‌وی تر نه‌مێنێت "
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی چی له دڵی پارتیدایه و چی له مێشكی یه‌كێتیدایه (وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت) فازڵ میرانی گوتی: "له‌وانه‌یه هه‌ریه‌ك له‌وانه بیه‌وێت ئه‌وی تر نه‌مێنێت، به‌ڵام بیانه‌وێت و نه‌یانه‌وێت هه‌ردووكیان ده‌مێنن، چونكه نه خۆیان پێیان ده‌كرێت و نه بڕیاری خۆیانه له ساڵی 1964وه هه‌تا ئێستا ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان بڕیاریان داوه كه یه‌ك سه‌ركردایه‌تی له بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورد و كوردستان نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌و درزه‌ی له نێوانیاندا هه‌یه کەڵک وەرگرن، ئینجا ئه‌وه یه‌كێك بووه له هۆكاره‌كان كه "ئینشیقاقی" 1964 له پارتیدا بوو "به‌ڕه‌حمه‌ت بن مام جه‌لال و مام برایم" چۆن به‌لایەکدا كه‌وتن و "جه‌نابی بارزانی-ش" به لایه‌كی تره‌وه، پاشان ئه‌وانه چوونه ناو حكوومه‌ت و ئێمه ماینه‌وه له شۆڕش، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ردوولامان هه‌وڵمان نه‌داوه ئه‌مه له مێشكی نه‌وه‌ی تازه‌ی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی هه‌ردوو حیزب ده‌ربهێنین، ناو به ناو نوێ ده‌بێته‌وه ده‌بێت ئێمه ده‌ست له‌سه‌ر برینه‌كان دابنێین ئه‌مه‌یه هۆكاره‌كه‌ی هۆكاری لاوه‌كیش هه‌ن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌رێكی گشتی، له‌سه‌ر وه‌زیرێك كه زۆر كاریگه‌رییان نابێت."
ڕایشیگه‌یاند: "به بڕوای من ئینگلیز ده‌ڵێن "If there is will, there is way " واته (ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی دروستكردنی شتێك هه‌بێت ده‌توانێت بیكات) ئه‌گه‌ر هه‌ردوولامان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌م میلله‌ته به‌دبه‌خته‌ی له‌به‌رچاو بگرین ده‌كرێت بۆ ناكرێت، ئه‌وه عه‌ره‌ب و ئیسرائیل پێك دێن، ئیتر بۆچی ئێمه پێك نه‌یه‌ین! ئێمه یه‌ك میلله‌تین و یه‌ك دینیین و خه‌ڵكی یه‌ك وڵاتین."
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "له به‌ره‌ی كوردستانییەوه پێكه‌وه بووین، به‌ڵام له یه‌كتری دابڕاین و شه‌ڕی ناوخۆشمان كردووه و ئاشت بووینه‌وه، هه‌ڵبژاردنمان پێكه‌وه كرد، حکوومەتمان دروست كرد و حکوومەته‌كه‌مان كرد به دوو حکوومەت، جارێكی تر كردمانه‌وه به یه‌ك حکوومەت."
"گۆڕان شه‌ریكی ئێمه‌یه.. ناكرێت له‌سه‌ر به‌ڕه‌كه له‌گه‌ڵ حکوومەتدا بین و له‌ژێر به‌ڕه‌كه له ئۆپۆزیسیۆن بین "
ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر؟ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "گۆڕان شه‌ریكی ئێمه‌یه له په‌رله‌مان و له حکوومەت شه‌راكه‌ت ئه‌ركی هه‌یه و مافی هه‌یه، به‌ڕاستی ناكرێت نه ئێمه و نه یه‌كێتی و نه گۆڕان له‌سه‌ر به‌ڕه‌كه له‌گه‌ڵ حکوومەتدا بین و له‌ژێر به‌ڕه‌كه له ئۆپۆزیسیۆن بین، "شه‌راكه‌ت ئیستحقاقی" خۆی هه‌یه هه‌م له ئه‌رك و هه‌م له مافه‌كان. مرۆڤ ئه‌گه‌ر شه‌ریكی یه‌كتر بن گله‌ییش له یه‌كتری ده‌كەن، حه‌قه وه‌زیره‌كانی هه‌موو لا كێبڕكێیان بێت كه كێ زیاتر وه‌زاره‌ته‌كه‌ی باشتر بكات و كێ زیاتر خزمه‌تگوزاری به حکوومەته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن."
"بێ‌ئیلتیزامی، مانای دیموكراتییه‌ت نییه"
ده‌رباره‌ی ڕه‌خنه‌كانی به‌شێك له یه‌كێتی و گۆڕان، فازڵ میرانی ده‌ڵێت: "به‌ڕاستی بڵێم وه‌ڵڵا ئه‌وه به‌دڵمان نییه، به‌ڵام ئه‌مه نابێته هۆكاریش ئێمه له‌یه‌ك هه‌ڵستینه‌وه، چونكه ئه‌م حیزبانه هه‌مووی كێشه و گرفتی ناوخۆیان هه‌یه، ئه‌ندام په‌رله‌مانی گۆڕان هه‌یه گوێ نادات به جڤاتی نیشتمانی، ئه‌ندام په‌رله‌مانی گۆڕان هه‌یه له به‌غداد گوێ نادات به سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی، له‌وانه‌یه لای ئێمه تاك به تاك ئه‌گه‌ر هه‌بێت زۆر كه‌مه، ئه‌مه خۆهه‌ڵكێشان نییه، به‌ڵام هه‌ر حیزبێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، ئه‌و مه‌ركه‌زیه‌ت و دیموكراتییه‌ی له‌ناو ئێمه‌دا هەیە له‌ناو حیزبه‌كانی تردا نییه، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئێمه زۆر دیموكراتیترین له پارتی، به بۆچوونی من "بێ‌ئیلتیزامی" مانای دیموكراتییه‌ت نییه، "ئیلتزامكردنی مه‌ركه‌زیه‌ت" مانای دیكتاتۆرییه‌ت نییه، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و بێئیلتیزامه‌یه ئازادیی ڕاده‌ربڕینه، ئازادیی ڕاده‌ربڕین له چوارچێوه‌ی ڕێكخستنه‌كه‌دا ده‌بێت، بۆ نموونه، من ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتیم، بۆچوونێكم هه‌یه ده‌بێت له‌ناو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیدا ئه‌و بۆچوونه بڵێم، به‌ڵام كه له كۆبوونه‌وه‌كه ده‌رچووم، من پابه‌ندم به‌و بڕیاره‌ی كه له كۆبوونه‌وه‌كه هه‌یه، ناكرێت له ڕاگه‌یاندن بچم بڵێم "وه‌ڵڵا" پارتی وا ده‌كات، به‌ڵام بۆچوونی من وایه ئه‌گه‌ر بۆچوونی تۆ وایه بۆ له‌ناو ئه‌و حیزبه‌دایت."
"خۆزگه هه‌ر دژی حکوومەتی هه‌رێم بن، به‌ڵكو هه‌ر دژی هه‌رێمه‌كه‌ن..."ئینشائەڵڵا" پیاوچاكه‌كانی گۆڕان بتوانن ئه‌و بارودۆخه چاره‌سه‌ر بكه‌ن "
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تا چه‌نده دروسته ده‌وترێت پارتی دیموكراتی كوردستان نیگه‌رانیی گه‌یاندووەته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی لێدوانه‌كانیان كه خۆیان ده‌ڵێن دژی حکوومەتی هه‌رێمی كوردستانه؟ له وه‌ڵامدا سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "خۆزگه هه‌ر دژی حکوومەتی هه‌رێم بن به‌ڵكو هه‌ر دژی هه‌رێمه‌كه‌ن، كێشه و به‌دبه‌ختیی كورد له‌وه‌دایه بچن به حکوومەتی عێراقی بڵێن ئه‌و فیدڕاڵیه‌ته ڕه‌ت بكه‌نه‌وه با سیسته‌می پارێزگاكان بێت و جارێكی تر ئه‌م هه‌موو خوێن و ڕاپه‌ڕین و ئه‌و هه‌موو ئیمتیازه‌ی قه‌ومی كه هه‌مانه نه‌مێنێت، به‌ڵی ئه‌مڕۆ بارودۆخی ئابووریمان خراپه، ئه‌وه بابه‌تێكی تره، ئه‌م نیمچەئازادییه‌ی كه هه‌مانه نه جاشایه‌تیی هه‌یه و نه موخابه‌راتی هه‌یه، ئه‌مه نرخی نییه له ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه، ئه‌مه باشه، یان ڕۆڵه‌كانی ئێمه ببنه جه‌یش شه‌عبی و جاش و بكوژ و پرسه‌كه‌شیان قه‌ده‌غه بكرێت."
فازڵ میرانی زیاتر گوتی: "من ده‌ڵێم براده‌رانی گۆڕان خۆیان نیگه‌رانن، خۆیان نیگه‌رانی ئه‌م بارودۆخه‌ن و هه‌وڵیان داوه چاكی بكه‌نه‌وه و جۆرێك ناكۆكی كه‌وته ناو كوتله‌كه‌ی براده‌رانی گۆڕان، به‌ڵام "ئینشائەڵڵا" پیاوچاكه‌كانی گۆڕان بتوانن ئه‌و بارودۆخه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌م بۆ بارودۆخی خۆیان، هه‌م كاریگه‌ریی نه‌بێت بۆ خۆیان و شه‌ریكه‌كانیان."
" نه دۆستایه‌تیی هه‌میشه‌یی هه‌یه و نه دوژمنایه‌تیی هه‌میشه‌یی هه‌یه "
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی، لاهوڕی شێخ جه‌نگی، كۆ نه‌بووەته‌وه، ئایا ددان به هاوسه‌رۆكیدا نانێن؟ له وه‌ڵامدا فازڵ میرانی گوتی: "مه‌بده‌ئێك هه‌یه له یاسادا پێی ده‌ڵێن "عەلاقه‌ی سه‌به‌بی" كه یه‌كێك شتێكی خراپی كردووه و پەیوەستە به په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه به‌و كه‌سەوە، به‌ڵام نه دۆستایه‌تیی هه‌میشه‌یی هه‌یه و نه دوژمنایه‌تیی هه‌میشه‌یی هه‌یه، ئێمه و برایانی شیوعی و سۆشیالست و یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كۆمه‌ڵ دنیایه‌ك كێشه و یه‌كتركوشتن و بڕینمان بووە، خۆ ئێمه نابێت ئه‌سیری دوێنێ بین، ئێمه ده‌بێت ئه‌سیری ئه‌مڕۆ بین و به‌ره‌و سبه‌ینێ بڕۆین."
"به دڵی ئێمه نییە "
ده‌رباره‌ی بۆچوونی كورده‌كان به‌گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌تایبه‌تی؟ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حیزبه گوتی: "یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان به دڵی ئێمه نییه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌ك بێت، به‌ڵام براده‌رانی شیعه زۆرینه‌ی خۆیان زه‌مانه‌ت كردووه له یاسای یه‌كه‌مه‌وه، ئێستا ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه‌وه یه‌كه‌ی بچووكتر له پارێزگا، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌نگی كه‌س نه‌فه‌وتێت، حه‌قه عێراق هه‌مووی یه‌ك بازنه بێت، به‌ڵام سیسته‌می زۆرینه و كه‌مینه هه‌یه له په‌رله‌مان وه نه یه‌كڕیزیی سوننه و نه یه‌كڕیزیی كورد، ئه‌م یاسایه ده‌رباز بووه، ئه‌مڕۆ مه‌رجی شیعه و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پاڵپشتیی ئه‌وه‌یان كرد له حوزه‌یرانی ساڵی 2021 هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها گوتنه، چونكه ڕووداوه‌كان بڕیار ده‌دەن، خه‌ڵكی تر بڕیار نادات، ڕووداوه‌كان بڕیار ده‌دەن ئایا هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیشی نه‌بین، بڕوا ناكه‌م به‌و بارودۆخه‌ی كه عێراق تێیدایه، ئێستا چاره‌سه‌ر، ئه‌وه‌یه ئێمه له كوردستان یەك بین و هه‌وڵ بده‌ین ئه‌گه‌ر یه‌كڕیزیش نه‌بین، به‌ڵام یه‌كهه‌ڵوێست بین به‌رامبه‌ر به په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا."
میرانی ئه‌وەیشی گوت: "بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد ده‌بێت یه‌ك لیستی بكه‌ن بۆ هه‌موو حیزبه‌كان باشتره ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ڕێژه‌یه‌ك ڕێك بكه‌ون."
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شدارینه‌كردنی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق؟ فازڵ میرانی ڕایگه‌یاند: "ناكرێت كورد به‌شداری نه‌كات، چونكه ئه‌و بارودۆخه‌ی عێراق تێیدایه به‌دیلی ئێمه حیزبه‌كان كوردێك ده‌هێنن و له‌وێ دایده‌نێن و پاشان كورد زیان ده‌كات، بارودۆخی عێراق هی ئه‌وه نییه هه‌موو شتێك له ئێمه قبوڵ بكات، له هه‌مانكاتیشدا بارودۆخی ئێمه‌ش ئه‌وه نییه هه‌موو شتێك له عێراق قبووڵ بكه‌ین، كه‌واته ده‌بێت به شوێن چاره‌سه‌رێكی ته‌وافقی هاوبه‌شدا بگه‌ڕێین."
" سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی لایه‌نێكی خۆهه‌ڵكێشان و خۆنمایشكردنی تێدابوو "
من ناتوانم به ناوی سه‌ركردایه‌تیی هه‌موو كوردەوە قسه بكه‌م، به‌ڵام وه‌كو خۆم هاتنه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ كوردستان‌م پێ شتێكی باش بووه، ئه‌وانی تر پێش ئه‌و نه‌هاتن. لایه‌نێكی(show off - خۆهه‌ڵكێشان و خۆنمایشكردنی" تێدا بوو چوونه ناو خه‌ڵك، ئه‌گه‌ر پاره‌ی جووتیاره‌كانی 2016 و 2017 و 2018 بدات ئه‌وكات با جووتیاره‌كان بڵێن ده‌نگت پێ ده‌ده‌ین. خه‌ڵكێك هه‌یه پارتی و یه‌كێتیی خۆش ناوێت، ئینجا له‌به‌ر خراپی ئێمه‌یه، یان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌تی، چاوه‌ڕوانییەكی نادروستیان هه‌یه له‌م سه‌رۆكوه‌زیرانە، هه‌ر واشیان به عه‌بادی گوت، عه‌بادی هات بۆ كوردستان گوتی، مووچه‌ی سلێمانی ده‌ده‌م نه كه‌س ئاماده بوو نه مووچه‌ی سلێمانیشی دا، ئه‌مه ده‌كه‌وێته خانه‌ی كار و كاردانه‌وه هیچ لایه‌نێكی لێكدانه‌وه‌ی مه‌نتقیی تێدا نییه، لە ده‌ره‌وه‌ی لۆژیكه. "
میرانی ڕه‌تی كرده‌وه وه‌ك لایه‌نه كوردییه‌كان ترسیان له ده‌نگ و لایه‌نگری كازمی هه‌بێت له كوردستان له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق له‌و ڕووه‌وه ده‌ڵێت: "نابێت ترسمان هه‌بێت، هه‌موو وڵاتێك قابیلی ئه‌وه‌یه كه گۆڕانكاری تێدا ببێت، ئێمه له وڵاتێكین كه به‌ڕاستی ئازادی و دیموكراتیه‌تی تێدایه، كازمی وه‌كو هه‌موو مرۆڤێك "تمووحی" هه‌یه، ده‌یه‌وێت ده‌نگ بهێنێت، به شوێن ڕێگاكانی مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت، له‌وانه‌یه لیست دروست بكات و خه‌ڵكێكی كورد-یشی تێدا بێت و خه‌ڵكی شیعه و سوننه‌شی تێدا بێت، له‌وانه‌یه سه‌ر بكه‌وێت و له‌وانه‌یه سه‌ریش نه‌كه‌وێت."
"شتێك له‌وێدا هه‌یه "
فازڵ میرانی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تادا پشتگیریی بێمه‌رجی كازمیتان كرد بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ئێستاش ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه له‌و ئاڕاسته‌یه‌ن كه ناڕازین له كازمی؟ میرانی گوتی: "عه‌ره‌ب ده‌ڵێن (لا تمدحن امرءا مالم تجربنه.... ولاتذمنه من غیر تجریب) ده‌ڵێت نه مه‌دحی یه‌كێك بكه بێ ئه‌زموونكردن و نه زه‌میشی بكه هه‌تا ئه‌زموونت نه‌كردووه، ئه‌م "براده‌ره" 100 ڕۆژه سه‌رۆكوه‌زیرانه بارێكی قورسی خستووەته سه‌رشانی خۆی. پرسیارێك دێته پێش كه ئایا ئه‌مه ده‌یه‌وێت ببێته سه‌رۆكوه‌زیرانێكی مه‌ركه‌زی و ته‌قلیدی ڕژێمێكی مه‌ركه‌زی بكاته‌وه، هێزی له كوێیه؟! مرۆڤ نازانێت، ئه‌مەریكا له پشتیه‌تی و ئێرانیش له هه‌مانكاتدا، شتێك له‌وێدا هه‌یه، بڕیاره له 25/10 خۆپێشاندانێكی تر له عێراق و له به‌غداد بكرێت بۆ به‌رده‌وامبوونی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری پارساڵه، وه‌كو گوتم عێراق هه‌میشه قابیلە گۆڕانكاریی تێدا بێت، ئینجا گۆڕانكارییه‌كان له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌ون ئه‌وه شۆڕشه، له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ئه‌وه چاكسازییه."
" وه‌ك كاك سه‌عدی پیره گوتی كێشه‌ی ئێمه حه‌یده‌ر مالكی نییە"
فازڵ میرانی ئه‌وه‌شی گوت: "ئه‌وه‌نده خه‌ڵكمان كرده سه‌رۆكوه‌زیران هیچ مه‌رجێكیان جێبه‌جێ نه‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه گوتمان با ئه‌مه به‌بێ مه‌رج ببێته سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌وانه‌ی مه‌رجمان له‌سه‌ر دانا هه‌ر هیچیان نه‌كرد، جا ئه‌وه بۆچوونی منه، با ئه‌م بێمه‌رجه‌ش ئه‌زموون بكه‌ین، به‌رامبه‌ر به كورد كێشه‌ی ئێمه كه‌سه‌كان نییه، كێشه حوكمڕانیی عێراقه، من كێشه‌م له‌گه‌ڵ مێشكیان هه‌یه، مێشكیان كورد قبووڵ ناكات به چاوی كه‌م سه‌یری ئێمه‌یان كردووه، ده‌یانه‌وێت ئێمه هه‌ر به كه‌می له‌به‌رچاویان بین، ئه‌گه‌ر ئه‌م مێشكه گۆڕا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن. به‌ڵام ئه‌م مێشكه نه‌گۆڕێ جا "عه‌مره، مسته‌فاوییه، كازمییه، حه‌یده‌ر عه‌بادییه، یا وه‌ك "كاك سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره گوتی" حه‌یده‌ر مالكییه"، جا وه‌ك گوتم كێشه‌ی ئێمه ناو نییە، كێشه‌ی ئێمه مێنتاڵتیه."
میرانی گوتیشی: "هیوامان ئه‌وه‌یه كه كورد به خۆیدا بچێته‌وه و یه‌كتر بگرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی هه‌موو پێشهاته نوێیه‌كان بگرێت و په‌ندێك له مێژوو وه‌ربگرێت، مێژووی خۆی و مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق."
"كاك نێچیرڤان شتی نوێی به سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتووه كه خه‌ڵكی تر پێیان نەگوتووه، یان خۆیشی نه‌یزانیوه "
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی پاش سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ توركیا، كورد دۆستایه‌تی و پشتیوانیی توركیا هه‌ڵده‌بژێرێت، یان فه‌ره‌نسا؟ فازڵ میرانی به‌م جۆره وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی: "به بۆچوونی من كورد ده‌بێت هه‌ردووكی هه‌ڵبژێرێت، ده‌بێت وا بكات هه‌ڵبژاردنی هه‌ردووكیان، په‌یوه‌ندیی هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ عێراق چاك بكاته‌وه، چونكه نه توركیا و نه فه‌ڕه‌نسا به‌بێ عێراق ناتوانن پشتیوانی له كورد بكەن، "جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن" له لوبنانه‌وه هاتبوو سه‌ردانی عێراقی كرد كه سه‌روه‌ریی عێراق بچه‌سپێنێت، واته پرۆژه‌یه‌كی پێ نه‌بووه له‌سه‌ر ڕێگا بووه هاتووه بۆ عێراق هیچ پرۆژه‌یه‌كی بۆ عێراق پێ نه‌بووه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك بچێت بۆ سلێمانی له "كانی وه‌تمان" لا بدات خۆ ناكرێت دوایی بڵێت پڕۆژه‌م بۆ سلێمانی پێ بووه، ئه‌و دانیشتنانه باش بوون، كه له‌گه‌ڵ "جه‌نابی كاك نێچیرڤان" به ته‌نها دانیشت، گوێی لێ گرت له كێشه‌كانی عێراق و سه‌روه‌ریی عێراق له كوێ هه‌یه و له كوێ ئه‌و سه‌روه‌رییه تێك چووه، كێشه‌ی ئێمه و توركیا چییه؟ من دڵنیام كه كاك نێچیرڤان شتی نوێی پێ گوتووه كه خه‌ڵكی تر پێیان نه‌گوتووه، یان خۆیشی (واته ماكرۆن) نه‌یزانیوه."
"په‌كه‌كه ئه‌وه‌ندەی زیانی بۆ كوردستانی عێراق دروست كردووه، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ توركیا دروست نه‌كردووه "
میرانی ئه‌وه‌شی گوت: "په‌كه‌كه ئه‌وه‌ندەی زیانی بۆ كوردی عێراق دروست كردووه، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ توركیا دروست نه‌كردووه، په‌كه‌كه بۆ دێته كوردستانی عێراق و توركیا به‌دوای خۆیدا دێنێت، توركیای هێنا هه‌موو وڵاتی ئێمه‌ی ئاگر تێ به‌ردا و كاولی كرد."
"په‌كه‌كه مه‌ترسیی له‌سه‌ر توركیا نه‌ماوه، مه‌ترسیی په‌كه‌كه بۆ توركیا له سووریا و له عێراقه‌وه ده‌بێت، فه‌ره‌نسا و وڵاتان ده‌بێت ئه‌مه بزانن، توركیا نه‌هاتووه مووسڵ بگرێته‌وه، توركیا هاتووه مه‌ترسیی په‌كه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆی لابه‌رێت، ئێمه نه‌ده‌بینه محامیی په‌كه‌كه و ناشبینه محامیی توركیا، به‌ڵام ئه‌مه واقیعه." فازڵ میرانی وای گوت.
به‌ڵام خۆ له لیبیا (په‌كه‌كه)ی لێ نییە توركیا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌وێش؟ له وه‌ڵامدا فازڵ میرانی گوتی: "من به‌رگری له كوردستانی خۆم ده‌كه‌م، لیبیا بانگه‌شه‌ی عوسمانییەت ده‌كات، ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌وتییه، به‌ڵام من باسی دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌م."
دەنگی ئەمریکا