Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساسان عەونی: ئامانجی سەرەكیمان بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، هەموو كارەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی خاڵێكدا دەسوڕێتەوە، ئەویش "بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە"، دەشڵێت، "ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە، پڕۆژەكان بە یەكسانی لەسەر ئاستی كوردستان، لەسەر ئاستی شارەكان، لەسەر ئاستی هەموو ناوچە جیاجیاكان دابەش ببن و جێبەجێ بكرێن".

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، هەموو كارەكانی حكوومەت، لە چوارچێوەی خاڵێكدا دەسوڕێتەوە، ئەویش بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، تارگێتێكی سەرەكیمان ئەوەیە، پڕۆژەكان بە یەكسانی لەسەر ئاستی كوردستان، لەسەر ئاستی شارەكان، لەسەر ئاستی هەموو ناوچە جیاجیاكان دابەش ببن و جێبەجێ بكرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، خزمەتگوزارییەكانی بەسەر چەند سێكتەرێكدا دابەش بوون، سێكتەری خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی كە رێكخستنی شار و شەقام و شۆستە و گۆڕەپانەكانە، سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆ كە سێكتەرێكی زۆر گرینگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، سێكتەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك، سێكتەری سەوزایی و خزمەتكردنی پارك و باخچەكان، لەگەڵ سێكتەری گەشتوگوزار و شوێنەوار. بە شێوەیەكی یەكسان كار لەسەر هەموو ئەو سێكتەرانە كراوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەشکردوە، "بەهۆی قەیرانەوە، ناچاربوین هەندێك بابەت پێش هەندێك بابەتی تر بخەین و لە بواری خزمەتگوزاریی شارەوانییەكان ئەم ماوەیە كەمتر كاریان تێدا كراوە، بەڵام لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەك ئاو، ئاوەڕۆ، كۆكردنەوەی خاشاك و ژینگەپارێزی، پاكڕاگرتنی سەوزایی پارك و باخچەكان، لە لووتكەی دۆخی كەرەنتین و بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناشدا بۆ یەك رۆژیش لە هیچ شار و شارۆچكەیەكی كوردستان رانەوەستاون".