Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێخ جەعفەر: دانانی بنکەی هاوبەش لە بارەگای پارتی دا جێگەی قبووڵکردن نییە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش لە سنووری خانەقین بەردەوامە و بە ھۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکەوە دوو سێ رۆژە خۆیان بێدەنگ کردووە. دەشڵێ، سوپای عێراق دەیانەوێت بنکەی هاوبەش لە بارەگای پارتی دابنێن، ئەمەش بە ھیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، جموجۆڵی داعش بەردەوامە و دەچنە سەر گوندەکان و تەعەدا لە کوردەکان دەکەن و بەردەوامیش کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن، کە سوودێکی زۆر لە بۆشاییە ئەمنییەکان وەردەگرن کە لە ناوچەکاندا هەیە، ئەو ھێزانەی عێراقیش کە لەوێن، ناتوانن ناوچەکە بپارێزن و خەڵک خۆی دەپارێزێت و بەرگری لە خۆیان دەکەن شەوانە و ژمارەیەکی زۆری گوندەکانیش چۆڵ کراون.

شێخ مستەفا گوتیشی: "ئۆپەراسیۆن چارەسەری دۆخەکە ناکات و تەنھا بۆ چەند رۆژێکە، کە کاتی ئۆپەراسیۆن خۆیان دەشارنەوە و دواتر دەردەکەونەوە، بەڵام پێویستە ھێزی ھاوبەش لە ناوچە بۆشاییەکان ھەبێت و ئەوانیش بەنیازن بارەگای پارتی بکەنە بنکە، ئێمەش بە ھیچ شێوەیەک بەوە رازی نابین و ھەر کاتێک کێشەکان چارەسەر کران و دۆخەکە ئاسایی بووەوە، سەرجەم بارەگاکانی خۆمان وەردەگرینەوە".

 

بڵند ئیبراھیم