Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لێکۆڵەرێکی ئوردنی: پێگەی ستراتیژیی کورد بووەتە جێگای بایەخی وڵاتانی جیهانی و ئیقلیمی

عەممان -KDP.info- لێکۆڵەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاروباری ئیران لە زانکۆی ''موئتە''ی ئوردن دەڵێت، لەو دۆخە ناجێگیرەی ئێستا ناوچەکە پێیدا تێ دەپەڕێت گەلی کورد پێویستی بە سەربەخۆیی و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خۆیەتی.

د. ئەیاد ئەلمەجالی، لە لێدوانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''ئەزموونی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوان و زێندووی کوردە بۆ سەرکەوتنی لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەکان، چونکە هەرێمی کوردستان توانیویەتی دەستکەوتی سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت.''

ئەیاد ئەلمەجالی ئاماژەی دا: "پێگەی ستراتیژیی کورد لە ناوچەکەدا بووەتە جێی بایەخی وڵاتانی جیهانی و ئیقلیمی، بۆیە جیهان و ناوچەکە بە گرنگییەوە دەڕواننە ئەم پێگەیە."

"ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە بارودۆخێكی ناجێگیردا تێ دەپەڕێت و خواستی گەلی کورد لە ئیدارەی زاتی و هەرێم گەورەتر بووە، ئەوان دەیانەوێت بە ڕێگای دیموکراتییانە مافی چارەی خۆنووسین بەدەست بهێنن." ئەلمەجالی وای دەڵێت.

کاروان بــاعەدری