Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" مەترسیی داگیرکردن لەسەر ٤٠ گوندی سەرگەڕان ھەیە"

سەرگەڕان-KDP.info- چەند ڕۆژێکە ژمارەیەک خێزانی عەرەبی ھاوردە گەڕاونەتە گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی قەزای دوبز و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، مەترسیی بەعەرەبکردن و داگیرکاری بۆ سەر ٤٠ گوندی سنووری سەرگەڕان ھەیە.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆخ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە ٤٢ گوندی پێک ھاتووە و مەترسیی بەعەرەبکردن بۆ سەر ٤٠ گوندی سەرگەڕان پەیدا بووە و عەرەبە شۆڤێنییەکان بە ھاوکاری و پاڵپشتیی سەربازی و ئەمنی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر زەوتی کورد و گوندە کوردنشینەکانی ئەو ناوچەیە داگیر بکەن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک عەرەبی شۆڤێنی گەڕاونەتەوە گوندی پەلکانە، ئەمە لە کاتێکدایە جووتیاران و کوردانی پەلکانە و ھەموو سنووری سەرگەڕان تاپۆیان ھەیە و زەویی خۆیان لە باپیرانیان بۆ ماوەتەوە."

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "نووسراوی ساختە لەلایەن پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکەوە بۆ عەرەبە شۆڤێنییەکان کراوە تا داگیرکاری بکەنە سەر زەویی کورد لە سەرگەڕان، ھەروەھا بڕیاری دادگا ھەیە کە پێویستە کێشەی زەویوزار لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق یەکلایی بکرێتەوە، کەچی پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک و عەرەبە داگیرکەرەکان گوێ بە ھیچ بڕیارێکی یاسایی نادەن."

کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە: "ئێمە سەرکردایەتیی پارتیمان و نوێنەرانمان ئاگادار کردووەتەوە لەو داگیرکارییەی سەرگەڕان و، پارتی لەسەر ئاستی باڵا لە ھەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، تا دواھەناسەش بەرگری لە ھاووڵاتییانی خۆمان لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان دەکەین، ئەوانیش لەسەر گوندەکانیان بەرگری دەکەن و ئامادە نین ماڵەکانیان بۆ عەرەبی شۆڤێنی بەجێ بێڵن."

قائید میرۆ