Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی کوردستان: داوامان کردووە ئەمساڵ کرێی خوێندن کەم بکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- ساڵانە بە ھەزاران قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە حکوومەت وەردەگیرێن و بەھۆی جێ بەجێکردنی سیستمی پارالێل لە بەرامبەر وەرگرتنی قوتابی پارە وەردەگیرێت، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاش دەڵێ، داوامان لە وەزارەت کردووە ئەمساڵ کرێی خوێندنی پارالێل کەم بکرێتەوە.

د. گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەکەیان ھەوڵەکانیان چڕ کردووتەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن، بەتایبەتی کۆرسی خوێندن لە کۆلیژە پزیشکی و زانستییەکان زیاد بکرێن، ئەویش بەھۆی دەرچوونی ژمارەیەکی زۆر قوتابی و بە دەستھێنانی نمرەی بەرز".

بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە گوتیشی: "ئێمە دوێنێ وەک لیژنەی پەروەردە سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانیستیمان کردووە و، داواکارییەکانی خۆمان ئاڕاستەی وەزارەت کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ئەمساڵ نرخی خوێندنی پارالێل کەمبکرێتەوە بۆ قوتابیان".

د. گەلاوێژ عوبێد روونی کردەوە: "شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەک ساڵی رابردوو دەبێت لە رێگەی زانکۆلاین، بەڵام بۆ ھەندێ کۆلێژ سیستمی کریدیت بەکاردێت، ھەموو ھەوڵێکیش بۆ سەرخستنی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەدەین".

 

قائید میرۆ