Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاڵەبانی: پێویستە حکوومەت جدی بێت لە دادگایکردنی پارێزگاری کەرکووک

هەولێر-KDP.info- بەھۆی بەھەدەردانی سامانی گشتی لە درووستکردنی قوتابخانە و چەند کارێکی دیکە،  دادگا بڕیاری قەدغەکردنی گەشتکردن بۆ دەرەوە و دادگاییکردنی راکانی دەرکردووە، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێ، پارێزگاری کەرکووک ھیچ چاودێرییەکی لەسەر نییە و بە ئارەزووی خۆی ھەموو کارێک دەکات و باکی بەھیچ کەس نیە، بۆیە پێویستە کورد چیتر بێ دەنگ نەبێت و ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە بەوجۆرە ھەڵبژاردنیش بکرێت کورد ھیچ سودێک ناکات.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە حکوومەت جدی بێت لە دادگایکردنی پارێزگاری کەرکووک، چونکە ھیچ چاودێرییەکی کارەکانی پارێزگار نەکراوە و ئەنجوومەنیش ھەڵوەشاوەتەوە بۆ ئەوەی چاودێریان بکات، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان کاریان کردووە و بێ باک بووە" .

رێبوار تاڵەبانی گوتیشی: "کاتی ئەوە ھاتووە کورد بە یەکگرتوویی بڕیاری خۆی بدات و لە دانوستانەکانیش باسی ئەو پرسانە بکرێت، چونکە پارێزگار جگە لەتێکدان چاوەڕێَی ھیچی لێ ناکرێت، گەر ھەڵبژاردنیش بکرێت سودی نابێت، بۆیە کارێکی ھەڵەیە کورد بەوشێوەیە  ھەڵبژاردن بکات" .

گوتیشی: "دۆخی ئەمنی کەرکووکیش زۆر خراپە و چالاکی داعش زۆرە و کوردیش لەو ناوچانە ھیچ رۆڵێکی نیە" .

 

بڵند ئیبراھیم