Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تەتەر: ئەو خێزانانە 25 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەویان پێدەدرێت

شیلادزێ-KDP.info- لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارچە زەوی و 25 ملیۆن دینار دەدرێتە نزیکەی 100 سەرۆک خێزانی نیشتەجێی کەمپی شیڤ چنارکێ لە شیلادزێ.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دانیشتووانی کەمپی شیڤ چنارکێ لە شیلادزێ کۆبووەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

خەڵکی ئەو کەمپە، کە نزیکەی 100 خێزان لێی نیشتەجێن، لە بنەڕەتدا خەڵکی باشووری کوردستانن، بەڵام پێش ساڵانی نەوەتەکان ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون، چەند ساڵێک لەوێ لە ئاوارەییدا ژیاون تاوەکو ساڵی 2010 گەڕاونەتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەلی تەتەر ئاشکرای کرد، "هەریەک لەو خێزانانە 25 ملیۆن دیناری پێدەدرێت لەگەڵ پارچەیەک زەوی، بۆ ئەوەی چیدی لەژێر خێوەتدا نەژین و خانوو بۆخۆیان دروست بکەن".

پارێزگاری دهۆک دەڵێ، "ئەو خەڵکە کەسانی کوردپەروەر، تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگە بوون، هەموو ژیانیان لە ئاوارەیی و پێشمەرگایەتی بەسەر بردووە، بەڵام کێشەکانیان وەکو خەڵکی دیکە بۆ چارەسەرنەکراوبوو بەهۆی قەیرانی دارایی".