Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی پەنجا و نۆ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول

ھەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی لە یادی پەنجا و نۆ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

پەنجا و نۆ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەكداری و كۆمەڵایەتیی گەلی كوردستان لە عێراقدا لە پێناو بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەڵگیرسا. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەریی هەموو ناوچە جیاجاكانی كوردستان و گشت چین و توێژەكان و تێكڕای پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو. هەرچی دەستكەوت و خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لەو كاتەوە هەتا ئێستا هەیە هەمووی بەرئەنجام و درێژكراوەی هێز و بەرفراوانیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.

شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەكیش بوو بۆ پێگەیاندنی خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی سەرتاسەری كوردستان. ئەو شۆڕشە ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ گەلی كوردستان گەڕاندەوە و بۆ نەیارانی گەلی كوردستانیش سەلمێندرا كە ناتوانن لەڕێی پەراوێزخستن و زۆرداری و ستەمكارییەوە وا لە خەڵكی كوردستان بكەن دەستبەرداری مافەكانیان بن. شۆڕشی ئەیلوول بۆیە لە مێژووی خەباتی گەلەكەماندا پڕ بایەخە چونكە لە یەك ناوچەدا كورت نەكرایەوە و ڕێكخستن و بیروبڕوا و پێشمەرگەبوونی لە ناخی خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی كوردستان ئاوێتەی یەكتر كرد.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەها و هێز و تینی شۆڕشی ئەیلوول هیچ كات لە یاد ناكەین و چرای ڕێگەی خەباتی گەلەكەمان دەمێنێتەوە. پێزانینم هەیە بۆ خەبات و ماندوویەتی هەموو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و كادیرانی شۆڕشی ئەیلوول چ ئافرەت و چ پیاو، كە قارەمانانە ڕۆڵیان هەبووە لەم شۆڕشە مەزنەدا. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی.

 

مسعود بارزانی

11ـی ئەیلوولی 2020