Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قادر قادر: پێشمەرگەكانی ئەیلوول شایانی ژیان و گوزەرانی باشترن

هەولێر-KDP.info- لە رۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١، چەخماخەی گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری لە كوردستان لێدرا و پێشمەرگە بە فەرمان و رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، بڕیاریان دا بەگژ زۆڵم و ستەمی رژێمی ئەوكاتی عێراقدا بچنەوە، وەك بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوولیش دەڵێ، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دۆزی كوردی بە دنیا ناساند.

قادر قادر، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دووسبەی، ٥٩ ساڵ بەسەر بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا تێدەپەڕێت، ئەو شۆڕشەی چۆكی بە دوژمن دادا، چونكە لە ماوەی یازدە ساڵی تەمەنی شۆڕشدا، پێشمەرگە بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، وای كرد كێشەی رەوای گەلی كورد بە جیھان بناسێنێت، چەندین نەبەردیی كەموێنە تۆمار كران، كە لە مێژوودا ئەستەمە روویان دابێت و پێشمەرگە بە چەكێكی سادەی ئەو سەردەمە بەرەنگاری دەوڵەتێكی وەك عێراق ببێتەوە، كە خاوەنی ئەو ھەموو چەك و سوپایە بوو".

بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول گوتیشی: "ئەگەر شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نەبووایە، ھەرگیز حكوومەتی عێراق ئامادە نەبوو بەیاننامەیەكی وەك ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ دەربكات و بەو شێوەیە ددان بە مافی گەلی كورددا بنێت لە كوردستانی عێراق".

لەبارەی رەوش و گوەزەرانی پێشمەرگەكانی ئەیلوولیشەوە، قادر قادر جەختی كردەوە، ھەموو توانایەكیان خستووەتەگەڕ بۆ باشتركردنی گوەزەرانی پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و دەڵێت: "ئێمە لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان ١١ لقی دەزگای ئەیلوولمان ھەیە و ھەموو پێشمەرگەكانی بەشدار لە شۆڕش، تۆمار كراون".

قادر قادر روونیشی كردەوە: "ئێمە پێمان وایە پێشمەرگەی ئەیلوول شایانی زیاترە لەوەی بۆی كراوە، ھەموو ھەوڵێكمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگەی ئەیلوول زیاد بكرێت و ئەوانەیشی مووچەیان بۆ نەبڕاوەتەوە، مووچەیان بۆ خەرج بكرێت، ھەروەھا ژمارەیەكی بەرچاوی پێشمەرگەی ئەیلوول تا ئێستا سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی پارچەزەوی، لەبەر ئەوەش لەگەڵ حكوومەت ھەماھەنگی دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پێشمەرگانەی ماون، ئەوانیش سوودمەند بن".


قائید میرۆ