Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی بڕیار لەبارەی مووچەی سێ مانگی 2018 دەدات

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، پێویستە مووچەی سێ مانگی 2018 بە پاشەکەوت هەژمار بکرێت و مووچەی ھەر مانگێک بۆ ئەو مانگە ناوزەد بکرێت".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کراوە، لە ھەرێمی کوردستان دەبێت پاکانەی حیسابات بکرێت و مانگە مووچەی ھەرێم لەگەڵ مانگە مووچەی بەغدا رێک بخرێت و بەو جۆرە ئەو سێ مانگەی ساڵی 2018 کە لەلایەن کابینەی پێشووەوە مووچە نەدراوە، بە پاشەکەوت هەژمار دەکرێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیكردەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم  و حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێم دەبێت بەپێی سیستمی مانگانەی عێراق، مووچە بدات و مووچەی هەر مانگێک، بۆ ئەو مانگە هەژمار دەکرێت. بۆیە ئەو سێ مانگەی کە لە ساڵی 2018 لە لایەن کابینەی پێشووەوە مووچە نەدراوە، بە کردەوە پاشەکەوت کراوە.

راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دۆلار قەرزارە و لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە مووچەی دابەشکردووە و تا ئێستا یازدە مووچەی داوە و بەم نزیکانەش مووچەی تر دەدرێت و دەبێتە مووچەی دوازدە.

ئەوەشی خستووەتەروو، بەھۆی ئەو قەرزە زۆرانەی لە ساڵانی رابردوو لە سەر هەرێم کەڵەکە بووە، زۆربەی سەرچاوە دەرەکییەکان ئامادەنین قەرزی دیکە بە ھەرێم بدەن و حکومەتیش نایەوێت چیتر باری سەرشانی هاووڵاتییان قورستر بکات و قەرزی زیاتر بکات، بۆیە دەبێت خۆی لەگەڵ رەوشی دارایی و ئابووریی ئێستا بگونجێنێت تا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنێت.