Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: بەجۆش و خرۆشەوە لەنێو دڵی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی پارتی یادی شازدەی ئاب بەرز رادەگرین...لەبەر رێکارەکانی تەندروستی، گردبوونەوە و مەڕاسیم ئەنجام نادەین

ھەولێر-KDP. info-   (مەحموود محەمەد) گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی یادی دامەزراندنی پارتی رایگەیاند، یادکردنەوەی جەماوەری بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، لە شێوەی گردبوونەوە و مەڕاسیمە جەماوەریەکان، بەڕێوەناچن و، تەنیا لە رێگەی کەناڵەکانی میدیاوە بە شکۆوە ئەم یادە بەجۆش و خرۆشە لە نێو دڵ و دەروونی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری پارتی، بەرز و پیرۆز رادەگرێت.

(مەحموود محەمەد) گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەبۆنەی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:
سەرەتا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و، پێشمەرگە قارەمانەکان و کادیر و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی پارتی و سەرجەم گەلی کوردستان دەکەین، ١٦ی ئاب، ساڵیادی پارتەکەمان، وەک رۆژێکی مێژوویی و پڕ شکۆ، رووداوێکی گرینگی مێژوویی سەر گۆڕەپانی سیاسی و تێکۆشانی کوردستان بوو کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتی سەرجەم دیالێکت و دەڤەر و پێکھاتەکان، سنوورە دەستکردەکانی بڕی و، وەک پارتێکی نەتەوەیی و کوردستانی کۆکراوە لەسەرجەم چین و توێژەکان وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی خوڵقاند.

مەحموود محەمەد راشیدەگەیەنێت، ئەم رووداوە مێژووییە قەزیەی کوردی لەسەر جیوگرافیا کردە دیفاکتۆ و وەک سەکۆی خەباتی سیاسی و تێکۆشانی رزگاری لە ریزبەندی رووداوەکانی مێژووی کوردستان، مژدەبەخشی سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد، گیانی پێکەوەژیان و ئازادی و دیموکراتی و لە دایکبوونی فکری تێکۆشان بۆ سەرخستنی قەزیەی کوردستانی، گیانفیدایی بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی کورد و کوردستان بە خوێن و تێکۆشان لە دەستکەوتە بەنرخەکانی دامەزراندنی پارتەکەمانە بۆ کوردستانیان..

لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی، مەحموود محەمەد گوتەبێژی فەرمیی پارتی رایگەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە قۆناغی شۆڕشگێری ئەیلوولی مەزن و رێککەوتننامەی یازدەی ئازار مافی ئۆتۆنۆمی و شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز و، سەرھەڵدانی راپەڕین لە دژی ستەمکاری رژێمی پێشووی عێراق، سەدان داستانی مەزن لە شاخ و، دواتر قۆناغی ئاوەدانی لەشار و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان لەسەرجەم قۆناغەکانی رزگاری بە خوێنی ھەزارن شەھید بۆ رێگەی سەربەخۆیی کوردستان و ریفراندۆم و پاراستنی کوردستان لە ھەڕەشەکان و سەقامگیری و ئاسایش و راگرتنی شکۆی کوردستانیان و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ و دروستکردنی ئاسۆیەکی رونتریش بۆ داھاتووی کوردستان، ئەم پارتە بەردەوامەوە و پێداگرتر دەبێت.

مەحموود محەمەد تەکیدی کردەوە کە لەگەڵ ئەوەی بە شکۆوە  لە ١٦ی ئابی ھەموو ساڵێکدا ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز و پیرۆز رادەگرین، ھاوکات لەم ساڵدا بەلەبەرچاوگرتنی رەوشی ئابووری و تەندروستی ھەرێمی کوردستان و پابەند بوون بە رێککارەکانی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، یادکردنەوەی جەماوەری بۆ ساڵیادی پارتی، لە شێوەی گردبوونەوە و مەڕاسیمەکانی گردبوونەوەی خەڵک و جەماوەر، بەڕێوەناچن و، تەنیا لە رێگەی کەناڵەکانی میدیاوە ئەم یادە بەجۆش و خرۆشە لە نێو دڵ و دەروونی گەلە خۆڕاگرەکەمان و کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری سەربەرزی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرز و پیرۆز رادەگرین...