سلێمانی-PDK.info- قایمقامی ماوهت ڕایگەیاند، بۆردوومانەکانی تورکیا له سنووری قهزای ماوهت ترس و دڵەڕاوکێیان لهلای هاووڵاتیان دروست کردووە. بەرپرسی لیژنهی ناوچەی ماوەتی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێ، ئەگەر چەکدارانی پەکەکە دوور بکەونەوە، کێشەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن و ترسی خەڵکیش دەڕەوێتەوە.
کامەران حەسەن قایمقامی ماوەت، لە لیدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "چەکدارانی پەکەکە لە چیای ئاسۆس جیگیر بوون کە ئەمەش دەوڵەتی تورکیا و هەمووان دەیزانن، بەڵام بۆ خۆحەشاردان، یان جێگۆڕكێ و خۆپاراستن لە بۆردوومانەکانی تورکیا بە نهێنی دەجووڵێن، ئەگەرنا جگە لە چیای ئاسۆس، بنکەی تریان لە هیچ گوند و شوێنێک نییە."
قایمقامی ماوەت گوتیشی: "بۆردوومانەکانی تورکیا ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری خستووەتە دڵی دانیشتووانی ئەم ناوچانە، چونکە ئەم هێرشانەی تورکیا دەست ناپارێزێ و هاووڵاتیانیش دەکاتە ئامانج، هەروەک چەند ماوهیهك پێش ئێستا نەخۆشخانەی گوندی سەفرە بوو کە کرایە ئامانج و چەند هاووڵاتیهك بریندار بوون هەربۆیە هاووڵاتیان ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ نهڕهویوهتهوه، ترسی بۆردوومانی تورکیایشی هاتووەتە سەر.''
ئاوات کونجرینی، بەرپرسی لیژنهی ناوچەی ماوهتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جموجووڵ و جێگۆرکێی چەکدارانی پەکەکە وای کردووە بۆردوومانەکانی توركیا زیاد بن، بەداخەوە چەند ڕۆژێک پیش ئێستا گوندی قامیش بۆردوومان کرا، ئەمەش زیانی زۆری لێ دەکەوێتەوە و دانیشتووانی گوندەکان ترسیان هەیە لە هەرساتێکدا ناوچەکان بۆردوومان بکرێن.''
بەرپرسی لیژنهی ناوچەی ماوەت گوتیشی: "ئەگەر کەسانێک لهناو پهكهكهدا یارمەتیدەر نەبن بۆ سوپای توركیا و زانیارییان لەسەر نەدەن، بۆردوومانەکان ئەوەندە زۆر نابن، بۆیە تاکە چارەسەر دوورکەوتنەوەی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانەیە، تا ئارامی بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیانی سنووری ماوەت و گوندەکانی دەوروبەری."
لهو بارهیهوه، سامان بابهعهلی، چاوێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جموجووڵی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری شارباژێر و دەوروبەری و بۆردوومانەکانی تورکیا وایان کردووە ترس و دڵهڕاوكێ لای هاووڵاتیان دروست بێت بە جۆرێک هاووڵاتی هەیە دەیەوێ گوندەکەی چۆڵ بکات تا پارێزراو بێت لە هیرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە."
بابهعهلی گوتیشی: "شارباژێڕ ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکیشی هەیە و هاووڵاتیان لە شارەکانی کوردستانەوە ڕوویان تێ دەکرد بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان، بەڵام دوای بۆردوومانەکەی سەیرانگای کونەماسی لەلایەن تورکیاوە کە بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆر و بریندابوونی هاووڵاتیان، سەیرانگاکە چۆڵ بووە و کەس ناوێرێ بچێته ناوچهكه."
زریان كهمال