Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی لەبەر بەرژوەندی گشتیی یادی ١٦ی ئاب بەشێوەیەکی جیاواز دەکاتەوە

سلێمانی-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی _ھەڵەبجە دەڵێ، بۆ یادی ١٦ی ئاب، ئەمساڵ ھیچ چالاکییەک ئەنجام نادەین، تەنیا لەڕێگەی راگەیاندنەکانەوە یادەکە دەکەینەوە.

عارف تەیفور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ھیچ چالاکیمان بە بۆنەی یادی١٦ی ئاب نابێت، بەڵام بەفەرمیی یادەکە دەکەینەوە، ئەویش لەڕێگەی راگەیاندنەکانمانەوە، چونکە یادێکی پیرۆزە و پێویستە ھەموو ساڵ یادی بکەینەوە".

عارف تەیفور گوتیشی: "جارێکی دیکە ئەو یادە زیندوو دەکەینەوە بۆ میلەتەکەمان، بۆیەشە چالاکیمان نابێت، چونکە نامانەوێت بەھۆی چالاکی و گردبوونەوەوە کەس زیانی بەرکەوێت و تووشی ئەو ڤایرۆسە ببێت".

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی _ھەڵەبجە باسی لەوەشکرد، ئاھەنگ و گردبوونەوە ئەنجام نادرێت، بەڵام یادێکی پیرۆزە بۆ گەلی کوردستان بەگشتی، بەتایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی خۆی، کە لەڕێگەی راگەیاندنەوە گرینگی پێدەدرێت و یادەکە دەکرێتەوە، تەنھا بەشێوەی کرداری و ئەنجامدانی چالاکی یادەکە ناکرێتەوە، ئەوەش بۆ بەرژوەندی گشتیی و سەلامەتی خەڵکە.

 

بڵند ئیبراھیم