Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری خانەنشینیی ھەرێم، وردەكاریی چاكسازی لە بواری خانەنشینیدا دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- لە دیمانەیەكی تایبەتدا، لەبارەی دوایین ھەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی لە بواری خانەنشینی لە ھەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ھەنگاوی زۆر باشیان ناوە و لە ھەموو بوارەكاندا كاریان كردووە و مووچەی چەندین توێژی وەكو دادوەر و پەرلەمانتار و شارەزا و پەرلەمانتار كەم دەكرێتەوە و ھیچ كەسێكیش دوو مووچەی نامێنێت.

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، حازم ئیسماعیل گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە ھەیە لە وەزارەتی دارایی، پلە باڵاكان و شارەزاكان و دادوەرەكانن و وەزارەتی پێشمەرگەش گواستنەوەیان بۆ لای ئێمە ھەیە، ئەوەی پلە باڵاكان كاتی خۆی كە خانەنشین كراون، پوختەی راژەیان نەبووە، بۆیە نازانین كامە نایاساییە و ھەندێك نایاساییمان دەستنیشان كردوون و داومانەتە لیژنەی لە خۆمان باڵاتر، كە ژمارەی پلە باڵاكان زیاتر لە ٤٠٠كەس دەبن، ئەوەی بیانناسین دەتوانین كارێك بكەین، بەڵام ئەوانەی نەیانناسین لەبەر ئەوەی ھیچیان نییە، چونكە دۆسیەی یاسایی پێویستە دامەزراندن و دەستبەكاربوونی تێدا بێت و ساڵانە تەرفیع و عەلاوەی تێدا بێت، ئەگەر بە نۆرماڵ دامەزرێت، ئەوكات دادەمەزرێت، بۆیە ئەوانەمان دەستنیشان كردوون".

لەبارەی گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی دارایی، حازم ئیسماعیل رایگەیاند: "چەند كۆبوونەوەیەكمان كردوون و ئێستا لە قۆناغی كۆتاییداین و چەند لیژنەیەكمان پێك ھێناوە و چەند كۆنووسێكمان ئامادە كردووە و ئەوانیش لیستی خۆیان ئامادە دەكەن و لیژنەیەكی ھاوبەش ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ناوەكان بگوازینەوە، ئەوەش كاتی پێویستە، بۆ بەدەستخستنی لیست ئەوەی سلێمانی رەوانەی ئەوێی دەكەین و بۆ ھەولێر و دھۆك لە ھولێر بەڕێوەبەرایەتییەك ھەیە تایبەت بە خانەنشینانی ئەوان، بۆیە ھەر كاتێك ناوەكان تەواو بوون، ئەوكات دەچنە بانكەكان و ناوەكان لە راگەیاندنەكان بڵاو دەكەینەوە كە لەوێ مووچەی خۆیان وەرگرن بە ئەوانەی یەكەی حەفتا و ھەشتاشەوە، بۆیە كێشەمان نابێت و ھەر كاتێك لیستمان بۆ ھات، ئەوەش چارەسەر دەكەین".

سەبارەت بە شارەزایان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی گوتی: "نووسراوێكمان كردووە و ئەوانەی خانەنشین كراون مووچەیان ھەموار دەكرێتەوە، وەكو پلە تایبەتەكان لە سەرۆكی ھەرێم تا بەڕێوەبەری گشتی و هیی دادوەرانیش ٧٠% دەبێت و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان ئەوانە٦٠% و ئەوانەی پەرلەمانتارن كە جاران شەش ملیۆن و٥٦٠ هەزاریان وەردەگرت، ئێستا  ٥٠% وەردەگرن ئەگەر ١٥ساڵ خزمەتیان ھەبێت و ئەوەی خزمەتی كەمتر بێت، ھەندێكیان دوو ملیۆن وەردەگرن، چونكە بڕگەیەك ھەیە ئەوەی خزمەتی نییە ٢٥%ی مووچە ودەرماڵە وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەم خولە دەگوترێ تەنھا چەند پەرلەمانتارێك ڕەتیان كردووەتەوە، ئەوانەی دیكە ڕەتیان نەكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی بیەوێت خانەنشینی ڕەت بكاتەوە تەنھا بۆ مانگێك نییە و بۆ ھەموو كاتێك دەرگا كراوەیە و داوا دەكات مووچەیان رابگرێت و ئێمەش رایدەگرین و لیژنەشمان دروست كردووە، كە پلە باڵاكان و شارەزایان  و پەرلەمانتاران ھەمووی جیا دەكەینەوە و تائێستا تەنھا ناوی شارەزایانمان بۆ ھاتووە و لە ماوەیەكی كەمدا یەكلای دەكەینەوە، كە دادوەرەكان ژمارەیان كەمە و زوو یەكلا دەكرێنەوە و بڕیارەكەش لە ١/٧ـەوە جێبەجێ دەكرێت".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "لە زۆر شتدا ھەنگای باشمان ناوە، تەنھا ھەندێك وردەكاری نەبێت كە پەیوەندییان بە كاری دیكەوە دەبێت وەكو پلە تایبەتەكان كە پێویستە بۆ دۆسیەكانیان بگەڕێینەوە، چونكە ھەیە وەزیرە و ھیچ راژەی لای ئێمە نییە و پێویستە بە نووسراوێكی ئەنجومەنی وەزیران پوختەی راژەیان بۆ دروست بكرێت، چونكە وەزیری فیعلی بوونە و ھەشە مامۆستا بووە و لە فەرمانگەی دیكە بووە و بۆتە وەزیر، ئەوانە ھەمووی راژەیان ھەیە و بۆیان چارەسەر دەكرێت ھەر یەكە و لە رێگەی فەرمانگەكانی خۆی، بۆیە كۆسپێك نییە نەتوانین چاكسازی بكەین و خەڵك دڵنیا دەكەینەوە كە پرۆسەی چاكسازی ھەر لە مووچە نییە، بەڵكو لە ھەموو بوارەكاندا دەبێت".

سەبارەت بە بندیوارەكانیش گوتی: "بندیوار لای ئێمە نییە و ئەوەی نایاسایی بێت ئەوانە ھەندێكمان دەستنیشان كردوون، بەڵام ئەوانەی دوو مووچەیان ھەیە، پەیوەندی بە فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیارییەوە ھەیە و بە نووسراوێك داوامان كردووە ھەر كەسێك دوو مووچەی ھەیە، لیست بۆ ئێمە رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی مووچەیەكیان ببڕین، تەنھا ئەوانەی شەھیدان و كەمئەندامان نەبێت و ھەیە فەرمانبەرە و مووچەی كەمئەندامی ھەیە، ئەویش مووچەی كەمئەندامی دەگوازرێتەوە بۆ فەرمانگەی خۆی و لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی نامێنێت و وەكو دەرماڵە لە مووچە بۆی زیاد دەبێت، ئەوانەی شەھیدانیش ناكرێت یەكێك مووچەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی ھەبێت و ئەوانەش رێك دەخرێتەوە".

حازم ئیسماعیل گۆران ڕوونیشی كردەوە: "خانەنشینی لە ٢٠٠ھەزار دەست پێدەكات ئەویش ئەوانەن كە میراتگرن، بۆ نموونە ژنێك كە مووچەی پیاوەكەی وەربگرێت، ٦٠%ی مووچەكە وەردەگرێت و ھەندێك ھەیە مووچەی زیاترە و ئەوانەی بڕوانامەیان نییە كە مووچەیان كەمە، ئەولەویاتی حكوومەت ئەوەیە كە یاسای خانەنشینی دەستكاری بكرێت، كە كەمترین مووچە ٣٠٠ھەزار دەبێت و ئەگەر دۆخەكە باش بێت ھەوڵ دەدرێت یاسای بەغدا ھی ساڵی ٢٠١٤جێبەجێ بكرێت، كە كەمترین مووچە ٤٠٠ھەزار دینار دەبێت و دڵنیام حكوومەت سوورە لەسەر ئەوەی كە مووچەی خانەنشینان باشتر بكرێت، چونكە نزیكەی ١٠٠ھەزار خانەنشین مووچەیان لە دەوروبەری ٢٠٠ھەزار بۆ ٣٠٠ھەزارە".

 

بڵند ئیبراھیم