Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن: بارەگا لە بەغدایش ناکەیەنەوە ئەگەر ئاڵای کوردستانی لەسەر نەبێت

کەرکووک-PDK.info-  بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک پێی وایە لەگەڵ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک پارتی دەگەڕێتەوە نێو بارەگا داگیرکراوەکانی لە کەرکووک و دەڵێ، ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانمان پەیوەستە بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک بەردەوامن و بەر لە ساڵی نوێ ھەرێم و بەغدا گەیشتبوون بە ڕێککەوتن، بەڵام دواتر کابینەی حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی ھەڵوەشایەوە و ڕێککەوتنەکە ڕاگیرا، ئێستا دانوستان ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە."

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "لەگەڵ پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بڕیارە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، ئەوکات ئێمەیش وەک پارتی دەگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و بارەگاکانمان دەکەینەوە بە ڕووی ئەندام و جەماوەری خۆماندا."

ھەر لەبارەی ڕادەستکردنی بارەگاکانی پارتییەوە، ئەوانەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر داگیر کراون، دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کەرکووک ھی ئێمەیە و ھیچ کات پارتی مساومەی لەسەر کوردستانیەتی کەرکووک نەکردووە، ڕادەستکردنەوەی بارەگانیشمان بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئێمە بارەگا نەک لە کەرکووک لە بەغداش ناکەینەوە، ئاڵای کوردستانی لەسەر نەبێت."

قائید میرۆ