Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەسۆ هورمی: ١٨ بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ دانپێدانانی جینۆسایدی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە هەن

 
ئەمستردام-KDP.info- لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا، داعش پەلاماری شنگالی دا و 6417 كەسی ئێزدی رفاندن، هەروەها ٣٦٠ هەزار كەس ئاوارە كران و زیاتر لە ١٢٠٠ كەسیش كوژران، كە لە كاتی هاتنی داعشدا،  كۆمەڵكوژییەكی گەورە بە سەر ئێزدییاندا هێنرا و شارەكەشیان خاپوور كرا.
 
ئەو كات، میدیا و فۆكسی جیهان، كەوتە سەر ئێزدییەكان و پێكهاتەكانی تر و تاوانەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەرهەق بە كوردانی ئێزدی، ئێستاش شەش ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدەی كە بەسەر ئێزدییەكان و پێكهاتەكانی تردا هات، تێپەڕ دەبێت.
 
لە سەرەتادا، هەوڵەكان بە مەبەستی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا جیددی بوون، بەڵام دواتر هەوڵەكان هەندێك سست بوونەوە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە كردووە، بۆ ئەوەی هۆكارەكان بزانرێ، لەو بارەیەوە، حەسۆ هورمی، سەرۆكی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆمەڵكوژییەكان و، ڕاوێژكاری تایبەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان، باسی ئەم پرسە دەكات و دەڵێ: "بەپێی ماددەی ١٣ـی نیزامی رۆما، سێ لایەن مافیان هەیە كەیسەكە بۆ دادگا ڕەوانە بكەن، كە ئەوانیش بریتین لە (وڵاتانی ئەندام لە نیزامی رۆما، ئەنجوومەنی ئاسایش و داواكاری گشتی).
 
سەرەڕای ئەوەی عێراق ئەندام نییە لە نیزامەكەدا، حەسۆ هورمی  دەڵێ: "ئێستا عیراق ئەندامیش بێ، ناتوانێت كەیسەكە بجووڵێنێتەوە، چونكە دوای ڕووداوەكانی پێكهاتەكان هەر وڵاتێك ببێتە ئەندام، ناتوانێت كەیسەكە بباتە دادگا، ئەمەش بە پێی یاسای ئەندامبوونیان".
 
هورمی دەشڵێ: "ئەنجوومەنی ئاسایش مافی هەیە، لە دەرەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی لاهای، دادگایەكی تایبەت دروست بكات".
 
''عێراق هاوكار نییە''
 
"سەرەڕای ئەوەی عێراق ئەندام نییە لە پەیمانی ڕۆمادا، كەچی هاوكاریش نییە لە پرسی بەڕێوەچوونی كەیسی پێكهاتەكان و بە تایبەت ئێزدییەكان، كە نە دادگای داناوە و نە ئاگایشی لێیە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش گرنگیی بەم كەیسە نەداوە، تەنیا لە ٧ـی مانگی ٨ـی ٢٠١٤ـدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی بەسەر پێكهاتە ئایینییەكاندا هاتووە، بە كۆمەڵكوژی ناوبرد، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان نەداوە". حەسۆ وا دەڵێ.
 
گوتیشی: "بەڵام عیراق دەتوانێ ڕێگە بە UN و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بدات تا ئەوان بێن لێكۆڵینەوە تاوانەكانی داعش بكەن لە شنگال و دەشتی نەینەوا".
 
لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی وەزیرانیشدا، لە ١٨ـی نۆڤەمبەری ٢٠١٤ـدا لەبەر رۆشنایی هەمان بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەراندا، بڕیار درا ئەوەی بەسەر پێكهاتەكاندا هاتووە، بە كۆمەڵكوژی بناسرێت.
 
 
''رۆڵی كوردستان لە كەیسەكەدا''
 
حكوومەتی هەرێم لە رێگای ڕیكخراوە مەدەنییەكانەوە كەیسی تاوانەكانی داعشی بەرامبەر بە پێكهاتەكان بردووەتەوە دادگای تاوانەكان، بەڵام دادگای تاوانی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ كوردستان ناكات، چونكە بەشێكە لە عێراق و مامەڵەش لەگەڵ هەرێمەكان ناكرێت.
 
لە ٣ـی ٨ــی ٢٠١٩ـدا، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا ٣ـی ٨ـی هەموو ساڵێك بكرێتە ساڵڕۆژی قوربانیانی ئێزدی.
 
هورمی ئاماژەیشی دا: "ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی، كارێكی باشە، كردنەوەی نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوان و كۆكردنەوەی بەڵگەكان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكانیش، هەنگاوێكی باشە بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بە شێوەیەكی باشتر و شەفافانەتر".
 
 
 
لە كابینەی پێشتریشدا، سەرۆكی ئەوكاتی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی، نامەیەكی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق و داواكاری گشتیی دادگایی تاوانە نێودەوڵەتییەكانی لاهای كرد بۆ دانپێدانانێكی قەزائی بۆ كەیسی ئێزدییەكان، ئەمەش هەنگاوێكی دیكەی گرنگی حكوومەتی هەرێمی كورستان بوو.
 
بە گوتەی هورمی، لە ئێستا دا هەژدە بڕیاری نێودەوڵەتی لە پەرلەمان و دەزگا پەیوەندیدار و وڵاتانی جیهان بۆ دانپێدانانی كەیسی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر هەن.
 
كـاروان بــاعەدری