ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شەشەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لە شنگال و دەوروبەری، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:
"لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە.
کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان. سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک و برایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان.
لەم یادە خەمناکەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکوومەتی هەرێم ڕزگارکراون. هەروەها داوا دەکەین حکوومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان"