Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەنفالی بارزانییەکان؛ یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سەدەی ڕابردوو "

بارزان-KDP.info- ئەنفالی بارزانییەکان یەکێکە لەو تاوانانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەموێنەن و بە یەکێک لە تاوانە گەورەکانی سەدەی ڕابردوو ھەژمار دەکرێت و کوڕە شەھیدێکی بارزانییش دەڵێت: ''گەورەترین تاوان بەرامبەر بە ئێمەی بارزانی کرا، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بووین و بارزانی بووین.''

ڕژێمی بەعسی لەناوچوو ٣٧ ساڵ بەر لە ئێستا و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣دا بە ھێزێکی زۆرەوە ھەریەکە لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانای گەمارۆ دا و لە پڕۆسەیەکی بێویژدانەدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانیی بەرەو بیابانەکانی عێراق ڕاپێچ کرد و دواتر بە وەحشیانەترین شێوە و دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی زیندەبەچاڵ کران و شەھید کران.

دڵشاد بارزانی، یەکێکە لەو کەسانەی وەک ھەزاران گەنجی بارزانی بەبێ باوک گەورە بووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "باوکم ساڵی ١٩٨٣ لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچووەوە جینۆساید کرا و من بەبێ باوک لەلایەن دایکمەوە گەورە کرام، کەس ھێندەی ئێمە کوڕە بارزانی لە نیعمەتی بێباوکی بێبەش نەکراون و دەیان و سەدان و ھەزاران منداڵی بارزانی لە دووای پڕۆسەی بەناو ئەنفال بەبێ باوک گەورە بوون."

دڵشاد بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرچەندە دایکە جگەرسووتاوەکانی ئێمە درێغییان نەکرد و توانییان جێگەی باوکیش بۆ ئێمە بگرنەوە، بەڵام ئەوەی ژیانی بێباوکایەتیی نەدیبێت، نازانێت چەند ئازاربەخشە، بەتایبەتی کە ئێمە باوکی ھاوڕێیانمان دەبینین.''

محەمەد مەجید، گەنجێکی دیکەی بارزانییە و کاتێک باوکی لەگەڵ بارزانییەکان جینۆساید کرا تەنیا تەمەنی چەند ساڵێک بوو، ئەویش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕژێمی سەددام کارەساتی بەسەر ئێمەی بارزانی ھێنا کە تەنیا تاوانمان ئەوە بوو کە کورد و بارزانی بووین، ئێمە پەشیمان نین لەو قوربانیدان و خەباتەی ڕابردوو، چونکە بێگومان ھیچ دەستکەوت و مافێکی کورد بەبێ قوربانیدان مەحاڵە بەدەست بێت."

محەمەد مەجید بە ئاھێکی قووڵەوە گوتی: "لەبیرمە دوای پڕۆسەی بەنێو ئەنفال چ ئازارێکمان چەشت و چۆن ڕژێم باوکی ئێمەی زیندە بەچاڵ کرد و دواتر گەمارۆی خستە سەر کۆمەڵگەی قوشتەپە، ئەوکات من و خۆشک و براکانم تەمەنی ئەوەمان نەبوو ماڵ بەڕێوە بەرین و دایکم بە سەد دەردەسەری و کرێکاری ئێمەی بەخێو کرد."

ھەدار بارزانی، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی بارزانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری دادگا ھەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی بارزانییەکان و ئەو ھەموو زیانانەی بەھۆی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال و کارەساتەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە پێیان گەیشتووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادە نییە بۆ قەربووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ھەرێمی کوردستان."