Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"د.ئارام بالەتەیی باسی ڕێککەوتنی کۆتاییی هەولێر.بەغدا دەکات"

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لە دووای جەژن ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا دەکەین تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠، چونکە هەموو بۆچوونەکان وان کە بوودجە بۆ ئەمساڵ نابێت و ئەم ڕێککەوتنە کاتی دەبێت و تەنیا بۆ ئەمساڵ دەبێت.

د. ئارام ناجی بالەتەیی، لە لێدووانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''هەولێر و بەغدا دەربارەی زۆر خاڵ لە یەک نزیکن، تەنیا ڕێککەوتن ماوە و ئەویش لە دووای جەژن دەکرێت و ئەمڕۆ هەموو داتا و گرێبەستەکانی نەوت و پێشمەرگە و فەرمانبەرانمان پێشانی حکوومەتی عێراق داون و ئێستا هەموو زانیارییەکانمان لەبەردەستی وەزیری نەوتی حکوومەتی عێراقە و ئەو، خۆی بۆچوونێکی ئەرێنیی دەربارەی شەفافیەتی گرێبەستەکان هەیە.''

ئاماژەیشی دا: "وەزیری نەوت، خۆی بڕوای بە داتای کۆمپانیای دیلیۆت هەیە و یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری شەفافیەتدا خاوەنی سومعەیەکی گەورەیە، ئەو ددانی بەو داتایایەدا ناوە، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکەین."

"تەنیا ناکۆکیمان ئەوەیە کە ئێمە داوای گوژمەیەکی زۆرتر دەکەین بۆ ئەوەی مووچەیی فەرمانبەرانی پێ دابین بکەین، لە نێوانماندا خیلافی گەورە نییە و هیچ ڕێگایەکی تریش جگە لە ڕێککەوتن نییە و ڕەوشەکەش لە نێوان هەردوو لادا هیچی تر نییە، لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە ڕێک بکەون، چونکە بەرژەوەندیی هاوبەشمان زۆرە لە بواری ئاسایش و کارەبا و زۆر شتی تر و عێراقیش پێی خۆش نییە دەرگایەکی تر بەسەر کێشەکاندا بکرێتەوە.'' بالەتەیی وا دەڵێت.

کـاروان بــاعەدری