Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبوونەوە

ھەولێر-KDP. Info-  نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/7/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز عوسمان ئه‌لغانمى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى ئه‌منیى عێراق و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش، چالاكیى داعش له‌سه‌ر سنوورى ‌نێوان عێراق و سووریا و گرنگیى كۆنترۆڵكردنى ئه‌و سنووره‌، دۆخى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى عێراق، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى فیدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، داكۆكى له‌سه‌ر به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆى فیدرال و هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێزانینى خۆى بۆ ڕۆڵى ئه‌رێنیى به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.