Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێگای ھەولێر- دھۆك كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەكرێت

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی رێگای سەرەكیی ھەولێر- دھۆك، یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و وەك سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەش دەڵێ، بەر لە وادەی خۆی تەواو دەكرێت و بەپێی ستانداردی جیھانییش دروست كراوە.

ئەندازیار غازی كاكل، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رێگای ھەولێر- دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێگای سەرەكیی ھەولێر- دھۆك لە دیوی ھەولێرەوە درێژییەكەی ٣٨ كیلۆمەترە و لە سەنتەری شاری ھەولێر بۆ پردی گۆپاڵە، رێگاكە بە شێوەی ستانداردی جیھانی دروست دەكرێت و كاركردنیش لە پڕۆژەكەدا بەردەوامە".

سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە دەشڵێت: "پڕۆژەكە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو دەستی پێكردووە و بەپێی گرێبەستەكەش تا مانگی ئایاری ساڵی داھاتوو تەواو دەكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی تیمەكانمان بەردەوامن لە كاركردن، پێشبینی دەكەین تا كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو بكرێت، واتە بەر لە وادەی یاسایی خۆی تەواو دەكرێت".

كاكل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رێگای ھەولێر- دھۆك لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی ھێمن جێبەجێ دەكرێت و دوای تەواوبوونیشی، ئاسانكارییەكی زۆر دەكرێت بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی ھاتوچۆی دھۆك دەكەن و بە پێچەوانەشەوە، چونكە نیو كاتژمێر رێگاكە كورت دەبێتەوە، جگە لەوەی رێگایەكی نوێ و پێشكەوتوویە".

 

قائید میرۆ