Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كارەبای ھەرێم بۆ KDP: ئەوەی لە میدیا باس دەكرێت راست نییە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان دەڵێ، راستە كوردستان خۆی پێویستی بە كارەبا ھەیە و چەند یەكەیەكمان ھەیە كە بە ھۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە وەستاون و ھەرێمیش كە رایگرتوون غەرامە دەدات، بۆیە بە باشی زانی بیدات بە عێراق و ئەوان سووتەمەنی بۆ دابین بكەن، بەڵام ھیچ كارەبایەك لە ھەرێم كەم نابێتەوە.

دیار بابان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە ژمارەیەك یەكە و تۆرباینمان ھەیە وەستاون و كار ناكەن، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە پێویستمان پێ نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی سووتەمەنی نییە، وەستاون، زۆر جاریش خەڵك باسی لەوە دەكرد ھەرێم كارەبای نییە بۆ كارەبا بۆ مووسڵ دابین دەكات، ھەرێمی كوردستان لەجیاتی وەستانی وەحداتەكان بە ھۆی نەبوونی سووتەمەنی كارەبا دەداتە مووسڵ، بۆ ئەوەی تووشی سزای وەستانی وەحداتی كارەبا نەبێت".

بابان گوتیشی: "پێشنیاز بۆ حكوومەتی عێراق كراوە ئەو وەحداتانەی راگیراون بۆخۆیان بەكاری بێنن و سووتەمەنی بۆ دابین بكەن و وزەی لێ وەرگرن، بۆ ئەمەش پێویستە لەگەڵ وەبەرھێنەرەكان بگەنە رێككەوتن و ئەوكات ئەوان دەبنە خاوەن كارەبا و ھەرێمیش لە غەرامەكردن رزگاری دەبێت، چونكە ئێستا ئێمە سووتەمەنیمان نییە بەكاری بێننین، بۆیە ئەوە بەوشێوە نییە ئێمە كارەبای خۆمان ببڕین و بیدەین بە عێراق".

بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی كارەبای ھەرێمی كوردستان روونیشی كردەوە: "ئەوە تەنھا جارێ پێشنیازە و پێویستە وەزارەتی كارەبای عێراق بێتە ھەرێم و ھەرێم مەرجەكانی خۆی پێیان بڵێ و رێككەوتن بكەن، كە ھەرێم تا چەند ئامادەیە كارەبایان پێ بدات كە دواتر یەكلا دەبێتەوە، بۆیە ئەوەی لە میدیا باس دەكرێت، راست نییە و ھەرێم كارەبای خۆی بۆ فرۆشتن كەم ناكاتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم