Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان: تەنھا یەک خاڵ ماوە.. داوامان کردووە کەرکووکییەکان خۆیان شارەکە بەڕێوە ببەن

کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک گوتی، کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە چڕی دەستیان پێکردووە، کە لە ھەفتەی ڕابردوودا سێ کۆبوونەوە ئەنجام دراون و تەنھا لەسەر یەک خاڵ ماوە رێککەوتن بکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بە شێوەیەکی چڕ دەستیان پێکردۆتەوە و تەنھا لە هەفتەی ڕابردوودا سێ کۆبوونەوە لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک ئەنجام دراون و لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتووین، وەکو ئەوەی کەرکووکییەکان خۆیان بەرێوە ببەن و ھێزی بیانی دەربکرێت و کەرکووک ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتی شاری کەرکووک بکرێت بە ھەموو پێکھاتەکانەوە بێ جیاوازی، ئەمەش خواستی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووکە".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "تەنھا لەسەر یەک خاڵ ماوە رێککەوتن بکرێت و بڕیارە پێش جەژن و لەم ھەفتەیەشدا کۆبوونەوەیەکی دیکەش بکرێت، ئەویش پێکھاتەکان داوا دەکەن دابەشکردنی ھێز لە کەرکووک ٣٢% بۆ ھەر پێکھاتەیەک بێت، بەڵام ئێمە بەوە رازی نین و داوامان کردووە پێویستە رێژە دیاری نەکرێت و کەرکووکییەکان خۆیان شارەکە بەڕێوە ببەن".

 

بڵند ئیبراھیم