Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر چەندین رێنمایی بۆ جەژنی قوربان دەردەکات

ھەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت پێش جەژنی قوربان ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و چەندین رێنمایی بۆ جەژنی قوربان دەربکات.

دکتۆر عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بۆ روبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، چاوەڕێ دەکرێت پێش جەژنی قوربان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین و تێیدا چەندین رێنمایی دەردەکرێن بۆ رۆژانی جەژنی قوربان، بۆ ئەوەی خەڵک خۆی بپارێزێت لە نەخۆشیی کۆرۆنا و پابەندی رێنماییەکان بن".

ئەندامەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەلێر گوتیشی: "ئەم جەژنەش ھاوشێوەی جەژنی رابڕدوو مەراسیمی جەژن ناکرێت، بەڵام قەدەغەی ھاتوچۆ راناگەیەندرێت و ھاتوچۆ ئاسایی دەبێت، ھەموو ھەوڵێکیش دەدرێت بۆ ئەوەی خەڵک پابەندی رێنماییەکان بێت و بەرکەوتن نەبێت و خۆیان لەو نەخۆشییە بپارێزن".

دەشڵێ: "تاوەکو ئێستا ئەو نەخۆشییە کۆنترۆڵ نەکراوە و بەردەوامە و بۆتە بەشێک لە ژیانی ئێمە، بەڵام پێویستە خۆمان بپارێزین بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە نەبین".

 

بڵند ئیبراھیم