Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەعدی پیرە: کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو باشترین جەژنانە بوو

هەولێر-KDP.info-  پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ھەوڵدان و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێ، کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو باشترین جەژنانە بوو پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرا.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی باشترین جەژنانە بوو پێشکەش بە خەڵکی کوردستان کرا، چونکە خەڵکی کوردستان نیگەران بوو لەوەی پارتی و یەکێتی تەبا نین، لەبەر ئەوەی پارتی و یەکێتی سەرەڕای ھەبوونی ئەم ھەموو قەیرانە، لەوانە پرسی ئابووری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسایشی نەتەوەییشی لە مەترسیدایە و لەشکرکێشی ھەیە بۆ سەر کوردستان، ئەگەر پارتی و یەکێتیش ناکۆک بن ئەوە دەردەکە زۆر گرانتر دەکات."

شەوی ڕابردوو پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تێیدا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی ئاوێکی بەو ئاگرەدا کرد و ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ھەموو فراکسیۆنەکان کۆ بووەوە و بەردەوامە لە کارەکانی."

سەعدی پیرە ڕوونی کردەوە: "ئەنجامدانی یەک کۆبوونەوە چارەسەری ھەموو کێشەکان ناکات، بەڵام سەرەتایەکە بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتوو تا کێشەکان چارەسەر بکرێن و ھەتا ئەو کۆبوونەوانە ئەنجام نەدرێن کێشەکان چارەسەر ناکرێن، پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، لەبەر ئەوەی یەکێک لێرە و یەکێک لەوێ قسەیەکی ناشاز بکات کێشە بەوە چارەسەر ناکرێن، بەلکو بە تەبایی خەونی ناحەزانمان دەخەینە نێو گۆڕ و کێشەکانمان چارەسەر دەکەین."

قائید میرۆ