عومه‌ر به‌كر
هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌واره‌یه‌كی شه‌رعی، ئه‌گه‌رچی سنووره‌كانی له‌نێوان خاوه‌ندارێتیی مێژوویی خاکی كوردان و ده‌سه‌ڵاتخوازی و داگیركەریی حكوومه‌تی عێراق، جێگیر و دیاریكراو نین، به‌ڵام وه‌كو به‌رهه‌می خوێن و خه‌باتی ده‌یان رۆڵه‌ی كورد و به‌شێك له حزبه سیاسییە كوردستانییە‌كان، هه‌رێمێكی تا را‌ده‌یه‌ك دیموكراسی و مه‌یدانێكی ئازادی ململانێی سیاسییە و، هێز و لایه‌نه جیاوازه‌كان كه هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای جیاوازن ده‌ر‌فه‌تی كار و چالاكی و جموجۆڵیان تێیدا هه‌یه و بێ ترسن له ده‌سه‌ڵاتی قۆڕخكاری و تاكحزبی.
لە دونیای سیاسیی كۆمه‌ڵگەی کوردستانی‌دا، کێشەکە نەبوونی زه‌مینه‌ی چالاكی و ململانێی سیاسی نییه، بەڵکو کێشە پێناسه و ناساندن و جیاكردنه‌وه‌ی چه‌مكی ململانێی سیاسی و چه‌مكی دوژمنایه‌تییه، تێكه‌ڵكردنی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ش تێكه‌ڵكردنی میکانیزم و ئامڕازه‌كانیانی لێده‌كه‌وێتەوە.
میلله‌تی كورد به‌هۆی ئه‌و مێژووه پڕ چاوسه‌ندنه‌وه و داگیركاریه‌ی كه پێیدا تێپه‌ڕیوه و، به كارتێكه‌ریی دوژمنه‌كانی كه تا ئێستاش هه‌ن و كه‌م نین، یه‌كانگیری و هاوبه‌ندی له ئامانج و ئامڕازه‌كانی گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیشی نییە، هه‌ر بۆیه نه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و نه سه‌قامگیریشمان هه‌یه، لێره‌دا ناكرێ رۆڵی حزبه سیاسییه‌كان فه‌رامۆش بكه‌ین كه هه‌ریه‌كه‌یان به‌شی خۆیان به ئەرێنی یاخود نەرێنی پشكدارن له خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو حزبێكی دیموکرات و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، كه به‌لایه‌نی كه‌م شاهیدی سێ شێوازی جیاوازی حوكمڕانییە له عێڕاق و، خاوه‌نی ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستانیشه، هه‌میشه له لایه‌ن یار و نه‌یاره‌كانیه‌وه به حزبێكی جێگیر و هه‌ندێجار ره‌ق و توندیش وەسف دەکرێت، كه ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ باوه‌ڕی ئه‌و حزبه ده‌گه‌ڕێتەوە به پرنسیپ و به‌ها دروسته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان، نه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان. پارتی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه سنووره ناوچه‌ییەکان و شێوەزارەکان و چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی بە سنووری وەهمی داناون و وه‌كو حزبێكی سه‌رانسه‌ری هاته مه‌یدانی خه‌بات و تێكۆشا بۆ هێنانه‌كایه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی ئازادی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر ئاستی کوردستان و عێراق. هه‌ر سه‌رۆكی پارتیش (سەرۆک بارزانی)بوو كه له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینی ساڵی (1991)، له شاری كۆیه ده‌ستپێشخه‌ریی نواند و پێشنیاری گۆڕینی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیی كرد و هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ریی به گونجاو زانی بۆ دروستكردنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. پارتێك كه ئه‌وه خواست و ئاراسته‌ی بێت بۆ یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی و گه‌یشتن به ئامانجه‌كان و، قوربانیی زۆریشی دابێت له پێناو فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و زه‌مینه‌یه و دواتریش هه‌میشه داكۆكیكار بۆ هه‌ڵبژاردن و له ململانێی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای خه‌ڵك بووبێ؛ چۆن هه‌موو كوردستان به هی خۆی و به هی ئه‌و لایه‌نانه‌ش نازانێ كه ده‌نگی خه‌ڵكیان به‌ده‌ست هێنابێ و له مه‌یدانی خه‌باتی دیموكراسیدابن..؟!
له راستیدا، پارتی لە درێژەڕێی خەبات و تێکۆشانی لەپێناوی مرۆڤی کورد و کوردستاندا هەموو بستێکی خاکی کوردستان بە ناوەندی خەبات و ململانێی خۆی دەزانێت، بۆیە هەرگیز هیچ وتارێکی فەرمیی پارتی نەبووە باس لە گواستنەوە و جووڵاندنی "چەقی ململانێ" بکات. لە سیاسەتی پارتیدا، هەر کوێیەک مرۆڤێکی کوردی لێ بێت و لە هەر کوێیەکی جیهان بێدەرەتانێک هەبێت، ئەو شوێنە ناوەندی تیکۆشان و خەباتیەتی. تێنه‌گه‌یشتن له سیاسەت و لە دیدگا و تیڕوانینی پارتی و تێكه‌ڵكردنی چه‌مكی ململانێی سیاسی و دوژمنداری و، قبوڵنه‌كردنی رای ده‌نگده‌ران، وای له کەسانێک کردووە –کە بە حیسابی خۆیان وادەزانن دەستیان گەیشتووە بە شەمەندەفەری سیاسەت لە کوردستان- كه به تەنگاوی و هه‌ناسه‌سوارییه‌وه باس له گواستنه‌وه‌ی مه‌یدان و چه‌قی ململانێی سیاسی بكەن..! ئەم تەنگاوی و پشووسوارییە یان بۆ شاردنەوەی شکستێکی گەورەی حزبەکەیەتی لە هەولێر، وەکو ئەوەی بە بەکارهێنانی چەمکگەلی بریقەداری وەکو "گواستنەوەی چەقی ململانێ" بخوازێت فوو بکات بە حەماسی ئەو کەسانەی کە لە هەولێر تاوەکو ئێستا شوێنکەوتەیانن (کە ئەمەشی دیسان لە نەزانی و تێنەگەیشتنیەتی لەوەی فوو لە خۆڵەمێشکردن ئاگر داناگیرسێنێتەوە). یانیش لەبەرئەوەیە کە ئەم برادەرانە تاوەکو ئێستا نەیانزانیوە کە باسکردن لە ئیدارەدانی فەرمی، باسکردنە لەو دەزگایانەی حکوومەت کە بێگومان ھەموو بڕیاردەر و کاریگەرەکانیان لە هەولێری پایتەختن. کاتێک هێزێک دەگاتە قەناعەت کە دەبێت لە پایتەخت ململانێ بکات، ئەمە ڕاستەوخۆ ئەوە دەردەخات کە ئەو هێزە لۆکاڵییە و نەیتوانیوە ڕوئیایەکی سەرانسەریی نەتەوەیی بونیات بنێت.
ڕەڕەوەی خەبات و تێکۆشان دەبێت سەرتاپایی بێت. ئەوەی کە ستراتیژیەتی ژیرمەندانەی حزبی سیاسی گرنگیی پێدەدات، بۆ هینانەدیی ئامانجەکانی، پێویستە خزمەتکردنی هاونیشتمانیان بێت. ململانێی سیاسی بە عەقڵییەتی تاقم و باندگەرایی بەڕیوە نابردرێت. بە گشتاندنی ڕق و کینەی فڵانەکەس میللەت هیچ قازانج ناکات، سیاسەتی شەڕانشۆیی هەمیشە دنەی ڕقی ناو ناخی مرۆڤ دەدات و هەمیشە تەپڵەکانی ئاوازی ڕقیان لێهەڵدەستێت کە ئەمەش خزمەتی خەڵک و وڵاتی پێناکرێ..!
ئەو بەڕێزە و ھاوڕەفتارەکانی، "چەقەکانیان" دەگوازنەوە بۆ هەرکوێیەک بە نسبەت پارتیەوە گرنگ نیە، جونکە دواجار مەیدانی ململانێ و ھێز و توانا، خەڵک و دەنگدەران بە حزبەکانی دەبەخشن نەک گوتاری شەڕانگێزی و ڕق لەدڵانە..!
تاکی کوردستانی، بەم ھەناسەسوارییەیان کاریگەر نابێ، چونکە تاکێکە نیشتیانی خۆی خۆش دەوێت و دەشزانێت وێرانکاری دەکرێت ماسکی جیاجیا ببەستێت، کۆیادی تاکی کورد کەمی لەم وتارانە نەبیستووە کە لە گەرووی لە ڕق سیخناخەوە هاتوونەتە دەرێ و چارەنووس و دەرەنجامی خاوەن ئەو گەروانەشی بە درێژایی مێژوو بینیوە.. هێزی دەربەست و نیشتمانپەروەر، بست بە بستی كوردستان بە خاك و نیشتمانی خۆی و تاك بە تاكی ئەو میللەتەش بە كەسی خۆی دەزانێ، تەنانەت ئەوانەیش كە رێك پێچەوانەی ئەو بیر دەكەنەوە و خۆی لە دەرەوەی بازنەی گەل و نیشتمان نابینێت. پارتی لەوەدا سەلماندوویەتی، كە دەیەوێ بەبێ جیاوازیی بیروبۆچوون و ڕوانگەی سیاسیی تاكەكانی كۆمەڵ ئەوەندەی لەدەستی بێت، خزمەتێكی هەمەلایەنە بكات، خزمەتێك كە هەموو تاكێكی ئەم میللەتە بەبێ جیاوازی و وەك یەك لێی بەشدار بێت، هەر بەو بەرنامەیەشەوەیە، كە جیاوازییەك لە نێوان هەولێر و گەرمیان و شارەزوور و هەوراماندا ناكات و لە هیچ شوێنێك خۆی بە نامۆ و دابڕاو دانانێت و خەڵكی هیچ بستۆكەیەكی ئەم كوردستانەش بە نامۆ و بێگانە نازانێت.