Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری ھەولێر: بازاڕێکی نوێ بۆ کاسبکارانی بازاڕی سیم دروست دەکرێت

هەولێر-KDP.info-  دوای سووتانی بازاڕی سیم لە شاری ھەولێر پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، بازاڕەکە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو و لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتیش ھەموو خزمەتگوزاریەکیان پێشکەش دەکرێت.

د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ شەممە لە سەردانێکیدا بۆ بازاڕی سیم لە گەڕەکی کوردستانی شاری ھەولێر ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنی بازاڕی سیم لە شاری ھەولێر سووتا، ھەر دوێنی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی پێوە کردین بۆ ھاوکاریکردنی دووکاندارانی بازاڕی سیم، ئەمڕۆ شەممە لە دیوانی پارێزگا کۆ بووینەتەوە و بڕیارمان داوە ھەرچی لە توانای حکوومەتدا بێت پێشکەشی زیانلێکەوتووانی بازاڕەکەی بکەین، چونکە ئەمە دووەم جارە بازاڕەکە دەسووتێت."

پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا لیژنەیەک پێک بێت و لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕی سیم کار دەکەین تا بازاڕەکە بگوازرێتەوە شوێنێکی گونجاو، چونکە ئەو شوێنەی ئێستا بازاڕەکەی تێدایە مەرجی سەلامەتیی تێدا نییە و دەمانەوێ ڕێگری بکەین لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی ھاوشێوەی ئەوەی دوێنێ ڕووی دا."

بازاڕی سیم لە ٤٥٠ دووکان پێک ھاتووە و دەکەوێتە گەڕەکی کوردستانی شاری ھەولێر و لە ساڵی ٢٠٠٨ دروست کراوە، بەرەبەیانی دوێنێ ھەینی بازاڕی سیم گڕی گرت و بەوھۆیەوە نزیکەی ١٨٠ دووکان سووتان.

د. فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەپەلە لە شوێنێکی نزیک و گونجاو بازاڕی سیم بە شێوازێکی سەردەمیانە دروست دەکرێتەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەڵێنی پێ داوین ھەموو خزمەتگوزارییەک بۆ بازاڕە نوێیەکە دابین دەکرێت و ھەر بڕیارێکیش بدەین بەبێ ڕەزامەندیی کاسبکاران نابێت، واتە بە ڕاوێژ لەگەل دووکاندارەکان کار بۆ دروستکردنی بازاڕێکی جوان و بە ھەموو خزمەتگوزارییەکانەوە دەکەین."

 

قائید میرۆ