Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی کاریگەر و سیاسەتی راست

بڵند نەورەس

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی نێوان بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێری پایتەخت، چەند خاڵێک مایەی تێبینی و لێوردبونەوەبوو.

سەرەتا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وتارێکی نوسراوی خوێندەوە لە بری ئەوەی بە ئیرتیجالی قسە بکات، ئەم خاڵە لە پرۆتۆکۆڵی سیاسی و دیبلۆماسیدا نیشانەی جدییەت و گرنگی دیدارەکە دەردەخات و شێوازێکە لە دەربڕینی کاریگەر و بەرنامە بۆداڕێژراو لە سیاسەتی ھەرێمدا بەرامبەر بە ئێران.

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆک نێچیرڤان بە گرنگییەوە دوو خاڵی زۆر مەبەستداری خستەڕوو کە گوتی: "ئێستاش بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەو دراوسێیەتی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، پێویستییەکی لەپێش و گرنگە".

ئەم دەربڕینە ئاماژەیەکی روون بوو کە پێویستە پەیوەندییەکانمان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دوولایەنەدابێت و کۆتایی بەو دەستێوەردانانە بھێنن کە لە گەورەو بچوکی عێراق و کوردستاندا دەیکەن و ھەمیشە بەرژەوەندی خۆتان خستۆتە پێش ھەر بەرژەوەندییەکی ھاوبەشەوە کە ھاوکار نییە بۆ پەیوەندییەکی ھاوبەشی رێزلێگیراوی دوولایەنە، ھۆی ئەو کێشانەی کە بەرۆکی ھەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووە بەشێکی پەیوەستە بە سیاسەتی ئێرانەوە.

ھەروەھا گوتی: "داکۆکیمان لە پێویستی و گرنگی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە ...تاد".

ئەم دەربڕینە ھێمابوو بۆ ئەو ئاڵۆزییەی لە ناوچەکەدا ھەیە و ئێران بەشێکی سەرەکی ئەو ئاڵۆزیانەیە و ھەمیشە کێشەکانی ناوخۆی بردۆتە دەرەوەی ئێران و بۆتە مایەی پشێوی و نائارامی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئاراستەکردنی ئەم پەیامە نیشانەی ئەوەیە کە ئێوە بەشێکن لە ئاڵۆزی و پشێوییەکانی ناوچەکە و پێویستە چارەسەری ئاشتییانەی بۆ بدۆزرێتەوە بە ھەماھەنگی ھەموو لایەک.

لە ھەمان کاتدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لە رۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەلانی ئێرانی روانی، کە لە کاتە سەختەکاندا و رۆژانی تەنگانەدا پشتگیری و ھاوکاری گەلی کوردستانیان کردووەو ئەو رۆژانە لەبیر ناکات.

حیکمەتی سیاسی پێویستی بە ھێزی سەربازی بەھێز و ئابوری زەبەلاح نییە، پێویستی بە تێگەیشتنی سیاسی و بوێری سیاسی و ھەڵبژاردنی دەستەواژە راستەکان ھەیە کە چۆن و بە چ شێوەیەک پەیامەکانت بە شێوەیەکی نەرم و کاریگەر دەگەیەنیت بە بەرامبەرەکەت.

مەرج نییە ئێران یان ھەر وڵاتێکی تر بەدەنگ بەرژەوەندی ئێمەوەبێت، بەڵام ئەم جۆرە پەیامانە تێگەیشتنی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات بەرامبەر بە سیاسەتی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.

لە سیاسەتدا زۆر گرنگە ژێر دێڕەکان بخوێنرێتەوەو شیکردنەوەی وتار لەسەر بنەمای مەبەستەکان بکرێت نەک تەنھا وشەکان.