Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی رێككەوتن

خانەقین-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ھێزێكی عێراقی ھاتنە پێش لە سنووری خانەقین و ھێزی پێشمەرگەش داوای كشانەوەی ئەو ھێزانەی كرد، ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری رێككەوتن، كە ئەو ھێزانە بڵاوەیان پێ بكرێت و لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەو بۆشاییەی لە ناوچەكە ھەیە، پێی پڕ بكەنەوە.

لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ھێزێكی عێراقی ٥٠٠ مەتر لە ھێزی پێشمەرگە نزیك بوونەوە و نەكشانەوە، ئێمە پەیوەندیمان بە بەغداوە كرد كە پێویستە ئەو ھێزانە بكشێنەوە، بۆیە بەپێی رێككەوتنێك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو كێشەیە چارە كرا".

جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "بڕیاردرا كە ئەو ھێزانە بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچە بڵاوەیان پێ بكرێت، كە ھەردوو ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی دەیانویست بچنە ئەو شوێنانە و بۆشایی ئەمنی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ كرایەوە بە رەزامەندیی ھەردوولا، ئەمەش لە قازانجی ھەردوولا دایە".

لیوا قارەمان باسی لەوەش كرد: "ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت لەبارەی شوێنەكانی دیكەش و لە ھەر شوێنێك بۆشایی ئەمنیی ھەبێت، بە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بكرێتەوە".

بڵند ئیبراھیم