Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە بۆ KDP: بەغدامان ئاگادار كردووەتەوە ئەو ھێزە بكشێتەوە

خانەقین-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ كاروباری ئۆپەراسیۆن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو ھێزەی عێراق كە ھاتووە بۆ سنووری پێشمەرگە لە سنووری خانەقین، تاوەكو ئێستا لەوێ ماون و نەكشاونەتەوە. دەشڵێ: "داوامان لەبەغدا كردووە كە ئەو ھێزە بكشێننەوە و چاوەرێی وەڵامی ئەوان دەكەین، چونكە رێككەوتنمان ھەیە و نابێت بەبێ رەزامەندی یەكتری جوڵە بە ھێز بكرێ بۆ سنووری یەكتری".

لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھێزێكی عێراقی ھاتووە بۆ سنووری میحوەری دووی پێشمەرگە لە سنووری كارێزە و، پێش چەند رۆژێك ھێزی دژەتیرۆر لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێكی ئەنجام دا بەبێ ئاگاداریی ھێزی پێشمەرگە و دوای ئۆپەراسیۆنەكە ھیچ بڕیارێك نەبوو ئەو ھێزە بێتە سنووری ھێزی پێشمەرگە و، وەزارەتی بەرگری ئەو جوڵەیەی پێكردووە و٥٠٠ مەتر لە ھێزی پێشمەرگە  دوورە، ئەمەش پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوانمانە، چونكە بڕیار بوو ھەر ھێزێك جوڵەی پێ بكرێت لە ناوچەكە، پێویستە بە رەزامەندیی ھەردوو لا بێت، بەڵام ئەوان بێ رەزامەندی ھێزیان ھێناوە بۆ ناوچەكە".

بە گوتەی لیوا قارەمان، تا ئێستاش بەشێك لەو ھێزە لە سنووری ھێزی پێشمەرگە ماوە و نەكشاوەتەوە، گوتیشی: "ئێمە بەغدامان ئاگادار كردووەتەوە كە پێویستە ئەو ھێزە بكشێتەوە، بەڵام ھێشتا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەین وەڵاممان بداتەوە و ئەوھێزە لەوێ بكشێتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "پێشتر چەندین جار داوایان كردووە لە كارێزە تا قۆریجە ھێز بڵاو بكەنەوە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ڕەتی كردووەتەوە و پێش چەند مانگێك ھەمان ھەوڵیان دا و رێگریمان كرد و ئاگاداری بەغدامان كردەوە كە نابێت ھێز بێتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئەمجارە بێ پرسیاركردن لە ھێزی پێشمەرگە ئەو ھێزەیان بۆ سنووری پێشمەرگە ھێناوە".

دەشڵێ: "ئەو ھێزە لە ئێستادا لە ژێر چاودێریی پێشمەرگەدایە و چاوەڕێ دەكرێت كە لەو ناوچەیە بكشێنەوە، ئەوانیش باسیان لەوە كردووە كە ھەركاتێك فەرمانمان پێ كرا، دەكشێینەوە".

 

بڵند ئیبراھیم