Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەنجومەنی شارەوانییەکان پێک دێن"

هەولێر -KDP.info-‌  وەزارەتی شارەوانیی ئەنجومەنی شارەوانییەکان سەرلەنوێ پێک دێنێتەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ، بڕیاری پێکھێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرکراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی شارەوانی ھاتووە: "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بۆ باشتر ڕاییکردنی کاروباری شارەوانییەکان و خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەکان بە شێوەیەکی تر و سەرلەنوێ پێک دەھێنێتەوە، ئەویش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە پەیڕەوی پێکھێنانی ئەنجومەنەکانی شارەوانی لە ھەرێمی کوردستان و بە بڕیاری ژمارە (٣٢) کە لە کۆبوونەوەی ژمارە (١٢)ی ئەنجومەنی وەزیران لە ٣٠/١٠/٢٠١٩ پەسەند کرا، ھەروەھا لە ژمارەی ٢٤٦ی ٢٧/١/٢٠٢٠ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە و، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان دیاری کراوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی بڕیاری حکوومەت، ئەنجومەنی شارەوانییەکان لە ھەموو ئەو شوێنانەی شارەوانییان ھەیە، پێک دێت و بڕیارە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێم وایە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەنجومەنی شارەوانییەکان پێک دێن و دەستبەکار دەبن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی شارەوانیدا ھاتووە: "لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ١٨٤ شارەوانی ھەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنەکانیان سەرلەنوێ پێک دەھێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجومەنی پارێزگەکان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەکرێن، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێژەی ٧٥% لە سەرۆکی فەرمانگە حکوومییەکان دەبێت و ٢٥%یش لە نوێنەری ڕێکخراوە پیشەیی و ناحکوومییەکان دەبن."

وەزیری شارەوانی گوتیشی: "لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارەکە دەرچووە و بە سیستەمی دانانە نەک ھەڵبژاردن، کە ڕێژەکەی ٧٥%ی لەو فەرمانگانە پێک دێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ھاووڵاتیانەوە ھەیە و ٢٥%ی ئەنجومەنی شارەوانییەکانیش لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێک دێت".

ئەنجومەنی شارەوانییەکان ماوەی ٢٠ ساڵ بوو گۆڕانکاریی بەسەردا نەھاتبوو، لە کاتێکدا دەبوو ھەر چوار ساڵ جارێک لە خولی نوێدا ئەو ئەنجومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە ھۆی گلەییی ھاووڵاتییان لە سستیی کارەکانیان و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەدای کارکردنیان دروست کردبوو، لە قۆناغی ئێستادا، واتە دووبارە پێکھێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەکاندا دەبێت و کاریگەریی لەسەر باشیی کارکردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر ڕۆشناییی پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتدا ئەو ئەنجومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێک دەھێنێتەوە.

قائید میرۆ