Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری گشتیی باجی ھەرێم: ئەو خاوەن مڵکانەی لە کاتی کەرەنتینەدا باجیان لە کرێچی وەرگرتووە لە وەرگرتنی باج لێیان خۆش نابین

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باجی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەو دوو مانگەی کەرەنتینە ھەبوو لەو دوو مانگە باج لە خاوەنمڵکەکان وەرنەگرێت بە مەرجێک ئەوانیش کرێیان لە کرێچییەکان وەرنەگرتبێت.

د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو ھاوکاری بۆ خاوەنمڵکەکان بۆ ئەوەی کرێ لە کاتی کەرەنتینە لە کرێچییەکان وەرنەگرن بڕیاری دا دوو مانگ لە باجی سەر خاوەنمڵکەکان خۆش بێت، بۆ ئەوەی خاوەنمڵکەکانیش زیانیان پێ نەگات."

د. کەمال وەرتی گوتیشی: "ئەو بڕیارە ئەو خاوەنمڵکانە دەگرێتەوە کە کرێیان لە کرێچی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەوانەی کرێیان لە کرێچییەکان وەرگرتووە ئەوانەش لە وەرگرتنی باج لێیان خۆش نابین."

وەرتی باسی لەوەش کرد: "بۆ ئەوەی بزانین کێ کرێی لە کرێچی وەرگرتووە، ئێمە لیژنەمان ھەن و سەردانی کرێچییەکان دەکەن. ئەوکات دیار دەبێت کێ کرێی وەرگرتووە و کێش کرێی وەرنەگرتووە، ئەوکات ئەوانەی کرێیان وەرگرتووە لێخۆشبوونی باج نایانگرێتەوە و ئەوانەی کرێیان وەرنەگرتووە لە باج بۆ ماوەی دوو مانگ لێیان خۆش دەبن."

 

بڵند ئیبراھیم