Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کونسوڵ: ئەم پڕۆژەیە خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندیی نێوان كۆریای باشوور و هەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور رایدەگەیەنێت، پرۆژەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و پەرەیان پێدەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2020، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای هەڵمیی خەبات لە پارێزگای هەولێر، ساز کرا.

چۆى کوانگ ژین، کونسوڵی کۆریای باشوور لە هەولێر، لە وتارێکدا، رایگەیاند، ”سوپاسی بێپایانی“ مەسروور بارزانی جەنابی سەرۆك وەزیران و تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە بەردەوام لەسەر هێڵ بوون و كاری باشیان كردووە سەرەڕای ئاستەنگەكان، بەڵام توانییان ئەم پڕۆژەیە بە سەركەوتوویی بچێتە خزمەتی خەڵكەوە.

دەقی وتارەکەی چۆی کوانگ ژین:

بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت

شەرەفمەندم ئەمڕۆ بۆ دەستپێكردنی ئەم پڕۆژە مێژووییە كە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر سەركەوتوو بووە، ئەویش كردنەوەی پرۆژەی كارەبای خەباتە.

لە جیاتی حكوومەتی كۆریای باشوور پیرۆزبایی سەرکەوتوویی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە دەكەم، گرنگیی ئەم پڕۆژەیە دەكرێ لە سێ خاڵ كۆبكرێتەوە:

١- دەبێتە پڕۆژەیەكی مێژوویی، پەیوەندییەكانی كۆریای باشوور - هەولێر نیشان دەدات كە لە ٢٠١٣ەوە دەستی پێكراوە.

٢- كاریگەرییەكی باش بەسەر پەیوەندیی ١٥ ساڵەمان دەبێت.

٣-ڕوانگەی كۆریای باشوور بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان كە لە ٢٠٠٤ەوە دەردەخات.

ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگە و ١٠٪ی بەرهەمهێنان زیاد دەكات، تێچووەكانیش كەم دەكاتەوە چونكە تەكنەلۆژیای نوێ لەم پڕۆژەیە بەكار هێندراوە.

ئەمە وادەكات كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر شەفافانە كار بكات و كوردستان بەڕێوە ببات. لەم ڕوەشەوە كۆریای باشوور ئامادەیە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكات.

ئەمە وەك ئەوەیە كە منداڵێكی نوێ لەدایك ببێت، با پێكەوە ئاهەنگ بگێڕین و گەشەكردنی بەردەوامیش لە داهاتوودا هەبێت.

ئەم پڕۆژەیە لەژێر ناونیشانی (ئێمە دۆستی ئێوەین) كراوە، لە ڕووی ئابوورییەوە بە چەندین قۆناغی جیاواز تێپەڕیوە، لەوانە شەڕی داعش و ئێستاش پەتای كۆرۆنا، بەڵام پڕۆژەكانمان بەردەوام پەرە پێدەدەین لە هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەم پڕۆژەیە خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندیی نێوان كۆریای باشوور و هەرێمی كوردستان.

دەمەوێ سوپاسی بێپایانی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیران و تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە بەردەوام لەسەر هێڵ بوون و كاری باشیان كردووە سەرەڕای ئاستەنگەكان، بەڵام توانییان ئەم پڕۆژەیە بە سەركەوتوویی بچێتە خزمەتی خەڵكەوە.