Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شارەوانیی: ٦٠ ھەزار زەوی تاپۆ دەكرێن.. ھاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بەشی موڵكایەتی بكەن

هەولێر-KDP.info- پڕۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت لە سنووری شاری ھەولێر خێراتر كراوە و  وەك سەرۆكی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، نیوە زیاتری كارتەكان كراونەتە سەنەد و دەشڵێ، لە فەرمانگەكانی تاپۆ ژووری تایبەت بە راییكردنی مامەڵەی زەویی كارت ھەن و كارئاسانیی تەواو بۆ گۆڕینی كارتەكان كراوە.

عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر زیاتر لە ١٢٥ ھەزار زەویی كارت ھەن و دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر دەستی بە تاپۆكردنی زەویی كارت بۆ سەنەد كردووە و لە كەرتەكانی، كانی قرژاڵە، باغلۆمنارە، باغەمرە شەھاب، كەرك، پیرزین و چەندین شوێنی دیكە ھەن و لەو ژمارەیە توانیومانە تا ئێستا ٦٥ ھەزار كارت بگۆڕین بۆ سەنەد و ئێستاش ھاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بەشی موڵكایەتی بكەن لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر".

سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "ئەو كارتانەی ماون و نەكراونەتە سەنەد، ژمارەیان ٦٠ ھەزار كارت دەبێت و لیژنەیەك بە ھەماھەنگیی فەرمانگەكانی تاپۆ و فەرمانگەی كشتوكاڵ و دارایی پێك ھاتووە و كار بۆ گۆڕینی زەویی كارت بۆ سەنەد دەكەن".

ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەسەر داخوازیی ئێمە، فەرمانگەكانی تاپۆ ژووری تایبەتیان جیا كردووەتەوە بۆ ئەوانەی زەویی كارت دەگۆڕن بۆ سەنەد، ئەوەش ئاسانكارییەكی زۆرە بۆ ھاووڵاتیان و لیژنەكانی گۆڕینی زەویی كارت بۆ سەنەد، كام كەرت زیاتر كێشەی تێدا نییە، لەوێ كارتەكان دەكەنە سەنەد".

دەشڵێ: "لەگەڵ تاپۆكردنی زەویی كارت، تیمەكانمان بەردەوامن لەسەر دانانی نەخشەی كەرتی بۆ زۆربەی ئەو ناوچانەی زەوییان تێدا دابەش كراوە و تا ئێستا نەخشەی كەرتیان نەبووە".

 

قائید میرۆ