ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان گوتی، لە ئێستادا بەراورد بە رابردوو جموجۆڵێكی باشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان دروست بووە و دەشڵێ: "پلانێكمان داناوە و كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی دووبارە بازرگانانی بیانی ڕوو لە ھەرێمی كوردستان بكەن".
دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "لە چەند مانگی ڕابردوودا بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان كەمی كردبوو، بەڵام لە ئێستادا جوڵەیەكی باشی بازرگانی دروست بووەتەوە و ھەوڵیش دەدرێت زۆر لەوە زیاتر بكرێت و كاری بۆ دەكەین".
خەیات گوتیشی: "پلانێكمان داناوە و كاری لەسەر دەكەین بۆ راكێشانی بازرگانانی بیانی بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بێن كاری بازرگانی بكەن، چونكە بە ھۆی نەخۆشیی كۆرۆنا ھاتنیان وەستاوە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵیان ھەر بەردەوامە و نەپچڕاوە".
دەشڵێ: "حكوومەتی كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگی راگەیاندووە و ھەوڵ دەدرێت بازرگانان بێن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدەن".
تەنھا لەم مانگەدا، بەراورد بە مانگەكانی ڕابردوو، جموجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ٢٠% زیادی كردووە.
بڵند ئیبراھیم