Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ رێگا بە ھاووڵاتیان دەدرێت سەردانی ئێران بكەن

حاجی ئۆمەران-KDP.info- بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، بەپێی رێنماییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، تا ئێستا جموجۆڵی گەشتیاری لەو دەروازەیە وەستاوە، بەڵام ڕێگا بە ئەو ھاووڵاتیانە دەدرێت، كە بۆ حاڵەتی پێویست سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، ئەمەش بەپێی  رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.

مەسعوود باتێلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ھەر كەسێك لە ھەرێمی كوردستان بیەوێت سەردانی وڵاتی ئێران بكات، بۆ حاڵەتی نەخۆش و پێویست، دەبێ مۆڵەتی ڕەسمیی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت، ئەو كات رێگەی پێ دەدرێت لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی ئەو وڵاتە بكات".

باتێلی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەولەوییەت و كاری سەرەكیی ئێمە پاراستنی تەندروستیی گشتییە، ھەموو رێكارە تەندروستییەكانیش بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەروازەكەدا جێبەجێ دەكرێن، هەروەها رۆژانەش جموجۆڵی بازرگانی  بەردەوامی ھەیە و ھیچ گرفتێكی نییە".

 ناوبراو دەشڵێت: "ئەوانەی مۆڵەتی ڕەسمیی وەزارەتی ناوخۆیان هەیە، دەتوانن رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە سەردانی وڵاتی ئێران بكەن، لە كاتی گەڕانەوەشیان بە ھەمان شێواز دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و، دواتریش بۆ ماوەی 14 رۆژ كەرەنتین دەكرێن."

 

سیروان سابیر