Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: نەوەستاوین لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، داوای لە وەزارەتی کارەبا کردووە چارەسەری تەواوەتی بۆ کێشەی کارەبا، بدۆزێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2020، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای هەڵمیی خەبات لە پارێزگای هەولێر، ساز کرا.

مەسروور بارزانی لە وتارێکدا بەبۆنەی بەگەڕخستنی وێستگەکە، رایگەیاند، "سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبار و سەختە ئابوورییەی كوردستان تووشی بووە، نەوەستاوین و لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە سەرەتای كابینەكەدا بەڵێنمان بە خەڵك داوە، بەردەوام دەبین.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبووانی خۆشەویست

زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ ئامادە بووین بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی ٣٠٠ مێگاواتیی كارەبای هەڵمیی خەبات كە لە لایەن وەزارەتی كارەبا و دوو كۆمپانیای كۆریای باشوور جێبەجێ كراوە.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە هەروەك گوێمان لە بەڕێزان وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێر بوو، توانای بەرهەمی ٣٠٠ مێگاواتی هەیە و ١٠٪ی بەرهەمی كارەبا زیاد دەكات.

پیرۆزباییتان لێدەكەم و دەستخۆشی لە وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیاكانی كۆریای باشووریش دەكەم.

هیوادارم بەردەوام بین بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین كاری باشتر ئەنجام بدەین.

هەروەك دەزانن ئەمە دووەمین پڕۆژەی ستراتیژییە كە لەم هەفتەیەدا وەكوو حكوومەت دەستمان پێكرد بۆ جێبەجێكردن و بەگەڕخستنیان، ئەمەش دەریدەخات كە سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبار و سەختە ئابوورییەی كوردستان تووشی بووە، نەوەستاوین و لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە سەرەتای كابینەكەدا بەڵێنمان بە خەڵك داوە، بەردەوام دەبین.

راستە ئەم وێستگەیە لە خەباتە، بەڵام بەرهەمەكەی بۆ هەموو كوردستانە، بەڵام جێی دڵخۆشییە كە سەرەڕای ئەم دۆخەی كۆرۆنا، نە كۆمپانیاكان و نە حكوومەتیش لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نەوەستان.

ئێمە لە حكوومەتی هەرێم گرنگیی بەرهەمهێنانی كارەبا دەزانین كە تاچەند پێویستە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، بۆیە لە سەرەتاوە گرنگییەكی زۆرمان بە بەرهەمهێنانی كارەبا داوە. ئەم پڕۆژەیە لە كابینەی پێشتر دەستی پێكراوە و ئەم كابینەیەش بۆ درێژەدان بە كارە باشەكانی پڕۆژەكە، بڕیاری بەردەوامیدانمان داوە و ئێستاش بەرهەمەكەی بەدی هاتووە.

بەڕێزان

دەزانن ژێرخانی ئابووری، دروستكردن و بەرهەمهێنان و گەیاندن و بەكارهێنانی كارەبا هەمووی گرنگن و پێكەوە بەستراون، داوامان لە وەزارەتی كارەبا و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە پێداچوونەوەیەك بەم تۆڕە گشتییەدا بكەن لە بەرهەمهێنان و گەیاندن و بەكارهێنان. زۆر ئەرك دەكەوێتە سەر ئێمەی هاووڵاتیش، ڕاستە خاوەن مافین، بەڵام خاوەن ئەركیشین كە یەكێك لە ئەركە گرنگەكانمان ئەوەیە كارەبا بە هەدەر نەدەین. ئەگەر پابەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت هەبێت، دەتوانین بەرهەممان هەبێت و داوام كردووە چارەسەرێكی نزیك بۆ هەمیشە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان بدۆزینەوە. كوردستان لە ژمارەی بەكارهێنەرانی كارەبا و زیادبوونی كارگەكان و كۆمپانیاكان وایكردووە پێویستیی كارەبا زیاد ببێت. پێشتر پشتمان بە بەكارهێنانی گازوایل بووە، ئێستا هەوڵمانداوە سوود لە غازی سرووشتی ببینین و بۆ ئەمەش هەوڵمانداوە بەرهەمی غازی سرووشتی زیاد بكرێت، تاوەكوو ئەو توانایەی هەرێمی كوردستان لەپێدانی كارەبا هەیەتی، بتوانێت جێیەجێی بكات. دڵنیام لە ماوەیەكی زوودا ئەنجامی ئەمە دێتە دەست و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن.

خوشك و برایان دڵنیاتان دەكەمەوە كە بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە داراییە سەختەی هەرێمی كوردستان تێیدایە، داواتان لێدەكەم پرسی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جددی وەربگرن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پێویستی داوە، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان بۆ چۆنیەتیی وەرگرتنی ڕێكارە پێویستەكان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان هەبوو، ئەوەی حكوومەت لەسەری بێت درێغی ناكات، بەڵام بەشە زۆرەكەی لەسەر ئێوەیە، لەوانەیە حكوومەت لە زۆر ڕووەوە زیانی لەخۆی دابێت، لە پێناو سەلامەتیتان. داواتان لێدەكەم پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن تاوەكوو خۆتان و وڵاتەكەش سەلامەت و ئاوەدان بێت. خوانەخواستە ئەگەر تەندروستی نەما، دۆخی ئابووریش باش بێت، بە كەڵكی هیچ نایەت.

ئێمە هاووڵاتییانی تەندروستمان دەوێت تا پێكەوە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریش ببینەوە. پێش هەموو شتێك خۆشەویستییە بۆ وڵات و دەبێت خۆشمان بوێت و بیپارێزین و بەرەو پێشی ببەین.

بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆژانە ئەركی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت. ئەركی هاووڵاتییە یارمەتیمان بدات تا ئەو سامانە گشتییەی هی هەموومانە بە فیڕۆ نەڕوات.

داوا لە هەموان دەكەین لەگەڵماندا هاوكار بن تا خزمەتگوزارییەكی باشترتان پێشكەش بكەین.

دووبارە سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و دەستخۆشی لەو كۆمپانیایانە دەكەم كە هاوكار بوون لەگەڵ وەزارەتی كارەبا لەم پڕۆژە ستراتیژییە.

 

سەركەوتوو بن.